کۆبوونەوەیەکی ئاسایشیی ئاستبەرز لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بەڕێوە چوو، کە تێیدا چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە دۆخی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان ناوەند و هەرێم بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا
شاندی بەغدا پێکهاتبوو لە سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان،
بریکارانی وەزارەتی ناوخۆ، و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری. لە بەرامبەردا
شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو لە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە، فەرماندەی
هێزەکانی ٧٠ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکان.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە
تیشکیان خستە سەر هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای دەروازە سنوورییەکان و چالاککردنی ڕێکارەکانی
هێزی پاسەوانی سنوور لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕێگریی تەواو لە قاچاخچێتی و پەڕینەوەی
نایاسایی.
هاوکات گفتوگۆیی
ورد کرا سەبارەت بە بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تۆڕەکانی
بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.
لە بەشێکی دیکەی
کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر ئاڵوگۆڕی خێرای زانیاریی هەواڵگری لە ڕێگەی بنکەکانی هەماهەنگیی
هاوبەش، ئەنجامدانی ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەش و ڕادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە
دادگا کرایەوە.
دوای خستنەڕووی
تێبینییەکانی سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە سەبارەت بە پلانی مەیدانی، کۆبوونەوەکە بە دەرکردنی
ژمارەیەک ڕاسپاردەی بەپەلە بۆ یەکخستنی هەوڵە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیریی
سنوورە نێودەوڵەتییەکان کۆتایی هات.