ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی دەستگیر کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دراوی ساختە و دۆلاری بەناوی دۆلاری لیبی دەفرۆشت و هاووڵاتییانی فریو دەدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، تیمەکانیان بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە لە ڕێگەی هەژمارێکی
تیکتۆک بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گوایە دۆلاری لیبیی بلۆککراو دەفرۆشێت و یەک دەفتەر
دۆلاری بەرامبەر بە سێ ملیۆن دیناری عێراقی خستبووەتە ڕوو. ئەو خەڵکی بەوە فریو دەدا
کە دۆلارەکان ئەسڵین و تەنیا لە بانک کاریان پێناکرێت، بەڵام دەتوانرێت بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل،
گەشتکردن و مامەڵەی دیکە بەکاربهێنرێن.
باسی لەوەشکرد، ئاسایشی هەولێر هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییان
کە بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە مامەڵەکردن بە دراوی ساختە بەدوور بگرن، چونکە بەپێی
یاسا قەدەغەیە و تاوانە. هاوکات داوا لەو کەسانە دەکات کە پێشتر لەلایەن ئەم تۆمەتبارەوە
فریودراون، بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بکەن.
هاوکات، مامەڵەکردن بە دۆلاری ساختە و ئەو دراوانەی
بە ناوی دۆلاری لیبی یان دۆلاری بلۆککراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەیان بۆ دەکرێت،
یەکێکە لەو ڕێگە باوانەی ساختەکاران بۆ فێڵکردن و بڕینی پارەی هاووڵاتییان بەکاریدەهێنن،
هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوام هۆشداری دەدەن و ئەو کەسانە ڕووبەڕووی یاسا دەکەنەوە.