سەردێڕ:

کەلار؛ گەنجێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە کچان و ژنان دەستگیرکرا

PM:12:41:06/09/2026

112 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، هێزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لە هاوڵاتییان کردووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، محەممەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە، لە درێژەی هەڵمەتەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییان، توانیویانە تۆمەتبار (ا. د.) کە تەمەنی ٢١ ساڵە و دانیشتووی شاری کەلارە، دەستگیر بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، تۆمەتبارەکە تۆمەتبارە بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەڕەشەکردن لە ئافرەتان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتییان، دوای پشکنینی مۆبایلەکانی، دەرکەوتووە کە ناوبراو شەش هەژماری جیاوازی لە بەرنامەکانی تیکتۆک و سناپچات بەکارهێناوە بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن و سەرانە وەرگرتن.

لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

هاوکات پۆلیسی گەرمیان داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات کە سکاڵایان لە دژی ئەو تۆمەتبارە و ئەو ئەکاونتانە هەیە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی.













گەلەری