سەردێڕ:

٤٦٥ مامۆستایی ئاینی تاقیکردنەوەیان بۆ بوون بە ڕێبەری حەج ئەنجامدا

PM:01:49:05/09/2026

1204 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی دیاریکردنیان وەک ڕێبەری حاجیان بۆ وەرزی حەجی ساڵی داهاتوو، ئەمڕۆ تاقیکردنەوەیەک بۆ ٤٦٥ مامۆستای ئاینی بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ شەممە ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف پرۆسەی تاقیکردنەوەکەی بەشێوەی وزاری و لە کاتژمێرێکدا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەرێوەبرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لەم تاقیکردنەوەیە دەستنیشانکردنی شایستەترین مامۆستایانە تا ئەو کاتەی ناویان دەچێتە ناو تیروپشکێکەوە بۆ هەڵبژاردنیان وەک رێبەر لە دوو وەرزی حەجدا.

وتەبێژی حەج و عومرە روونیشیکردەوە، هەر پرۆسەیەکی ساڵانەی حەج ٣١ رێبەر لەخۆ دەگرێت، پرۆسەی تاقیکردنەوەکە لە سێ بنکەی سەرەکیدا بەڕێوەچوو.

- بنکەی هەولێر: تایبەت بە بەشداربووانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

- بنکەی سلێمانی: بۆ مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان.

- بنکەی دهۆک: بۆ مامۆستایانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداریکردن، ستوونی روونیکردەوە کە وەزارەتی ئەوقاف چەند پێوەرێکی بۆ داواکاران دیاری کردووە:

- بەشداربوو دەبێت پێشنوێژ و وتارخوێن، یان تەنیا پێشنوێژ، یان تەنیا وتارخوێن بێت.

- بەشداربوو دەبێت لەسەر میلاکی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بێت.

- تەمەنی بەشداربوو دەبێت لە نێوان ٣٠ بۆ ٦٠ ساڵدا بێت.













گەلەری