حکومەتی ماوەبەسەرچوو بە بیانووی ئەوەی لۆگۆی حکومەتی هەرێم لەبەشی سەرەوەی پۆستەرەکان نەبووە، لە رێگەی بریکاری وەزارەتی رۆشنبیرییەوە نمایشکردنی شانۆیەکی لە هەولێر راگرت و ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووە تا ئەمڕۆ حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە و دەڵێت، نمایشەکە بەردەوام دەبێت.
درەنگانی شەوی رابردوو، پەیجی فەرمی شانۆی پیانۆ لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی و لێکتێنەگەشتنی داوەتنامەکانی نمایشەوە، کە لۆگۆی حکومەتی هەرێم لەسەرەوەی پۆستەرەکە نەبوو، بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری، نمایشی شانۆی پیانۆ لە هەولێر راگیراوە.
سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر وتی، "کەسێک
لەناو ستافی شانۆکە، هەڵەکەی کردووە، هەڵەکە راستکراوەتەوە و بەردەوام دەبن لە ئیشەکەیان".
ئاماژەی بەوەشکرد،
هۆڵ و شوێنی حەوانەوەیان بۆ تیمەکە دابین کردووە و هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکیان
دەکەن، کاتی پێشکەشکردنی شانۆکەش دەکەوێتە سەر بڕیاری دەرهێنەری شانۆکە.
شەوی رابردوو
تیپی شانۆیی پیانۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو وتیان، نمایشی پیانۆ لە هەولێر
ڕاگیرا، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی و لێکتێنەگەشتنی داوەت نامەکانی نمایشەوە، کە
لۆگۆی حکومەتی هەرێم لەسەرەوەی پۆستەرەکە نەبوو، وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەتایبەت تر بریکاری
وەزیری ڕۆشنبیری بریاری ڕاگرتنی نمایشی شانۆیی پیانۆ درا.
ئاماژە
بەوەشکرا، سەرەڕای چاک کردنەوەی لۆگۆکان و داوای لێبوردن کردن بەڵام وەزارەتی
ڕۆشنبیری سوورن لەسەر ئەوەی نمایشەکە لە هەولێر نەکرێت.