PM:06:19:02/09/2026
976 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی گیانلەدەستدانی کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر، بڕیارماندا بە داخستنی یەکجارەکیی ئەو نەخۆشخانەیە و ڕەوانەکردنی ئیدارەی نەخۆشخانەکە و پزیشکە سەرپێچیکارەکان بۆ دادگا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیارماندا بە داخستنی یەکجارەکیی ئەو نەخۆشخانەیە لەدوای ئەنجامدانی بەدواداچوونی مەیدانی لەلایەن تیمەکانی پشکنینەوە، چەند پێشێلكارییەک دیاریکراون، کە یەکەمیان ئەوەیە پزیشکی نەشتەرگەرییەکە هیچ ڕێگەپێدانێکی کارکردنی لەو نەخۆشخانەیەدا نەبووە و ناوی لە لیستی میلاکی ڕێگەپێدراوی وەزارەتدا تۆمار نەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەشتەرگەرییە فریاگوزارییەکە لە
شوێنێکدا ئەنجام دراوە کە بەشی فریاکەوتن و هۆڵی چاودێریی چڕی لێنەبووە،
هاوکات هۆڵەکانی نەشتەرگەریی ئەو نەخۆشخانەیە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە
بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان بە فەرمی لەلایەن وەزارەتەوە داخرابوون، بەڵام
پزیشکی نەشتەرگەری، پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانەکە بە شێوازی ناڕەسمی و نایاسایی
چوونەتە ژوورەوە و نەشتەرگەرییان ئەنجام داوە.
باسی لەوەشکرد، بەپشتیوانیی یاسای ژمارە چواری ساڵی
٢٠٢٠ تایبەت بە مافی نەخۆش و پەیڕەوی ژمارە ١٦ـی ساڵی ٢٠٢٢، بڕیاری داخستنی یەکجارەکیی
نەخۆشخانەکەمان داوە و ئیدارەی نەخۆشخانەکە و ئەنجامدەرانی سەرپێچییەکەمان ڕەوانەی
دادگا کردووە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەریان.