سەردێڕ:

٣٣ گەنجی کورد دوای هەشت مانگ زیندانیکردن لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێم

PM:02:35:02/09/2026

952 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئێن ئاڕ تی هەواڵی بێسەروشوێن بوونی زیاتر لە ٣٠ گەنجی کوردی بڵاوکردەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی گەڕانەوەی ٣٣ گەنجی دیکەی کورد لە وڵاتی لیبیاوە کۆتاییان هاتووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگەنەوە هەرێم.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک هاونیشتمانی لە وڵاتی لیبیا، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردران بۆ دۆزینەوە، ڕزگارکردن و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا تەواوی مامەڵەکانی ئەو ٣٣ هاوڵاتییە تەواو بووە و ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەیان لە هەفتەی ئایندەدا بەردەوامە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم گەنجانە کە بە ڕێگەی نایاسایی کۆچیان کردبوو، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی یەکجار سەخت بوونەتەوە و هەندێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە زیندانەکانی لیبیادا دەستبەسەر بوون، کە تێیدا لەژێر مەترسیی بەردەوامی مردندا بوون.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، تاوەکو ئەمڕۆ ٣٠٢ کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکاندا رزگار کراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێم.













گەلەری