تۆڕێکی ١١ کەسی لە بانکی خانووبەرەی بابل ئاشکرا کرا، کە زیاتر لە نیو ملیار دیناری سامانی گشتییان بەفیڕۆداوە و حەوت کەسیان دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکیی عێراق هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی ١١ کەسی لە لقی بانکی خانووبەرەی پارێزگای بابل ڕاگەیاند، کە لە ڕێگەی ساختەکاری لە مامەڵەکانی قەرزدا زیانی زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دیناریان بە سامانی گشتی گەیاندووە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، کە تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی بابل دوای وردبینیکردنی مامەڵەکانی بانکی
خانوبەرە، تۆڕێکی تێوەگلاویان ئاشکراکردووە، کە لە شەش فەرمانبەری بانکەکە و پێنج ڕاییکاری
مامەڵەکان پێکهاتوون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە،
تۆڕەکە دەستکاری و ساختەکارییان لە ٥٦ پەڕاو و تاپۆی خانوبەرەدا کردووە، ڕەهنی سەر
مۆڵکەکانیان لاداوە و فێڵیان لە قەرزەکانی بانک کردووە، هاوکات گوشاریان خستووەتە
سەر قەرزداران بۆ دانانەوەی ئەو بڕە پارانەی کە پێشتر وەریانگرتووە.
دەستەکە ئاماژەی
بەوەش کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پێنج فەرمانبەر و دوو ڕاییکاری
مامەڵەکان جێبەجێ کراوە، هەروەها دەست بەسەر کۆمەڵێک مۆر، تۆمار، بڕێک پارە و زێڕدا
گیراوە و تا ئێستاش قەبارەی زیانە گەیەندراوەکان بە سامانی گشتی بە زیاتر لە ٥٤٣
ملیۆن دینار خەمڵێنراوە.