سەردێڕ:

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق: کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیپێکرد

PM:12:49:27/08/2026

184 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستیپێکردووە و تاوەکو ٣٠ـی ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتایی دێت، و هەروەها هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی سەروەریی وڵاتیان هەیە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦، سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویکردەوە، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکە سەربازییەکان دەستیپێکردووە، هەروەها ئەم هەنگاوە بەپێی رێککەوتنێکی پیشەییانە و دوور لە لایەنی سیاسی یان هەر رێگرییەکی دیکە، ئەنجام دەدرێت کە کۆمەڵێک لیژنەی ئەمنی و دەزگا جیاوازەکان کاریان لەسەر کردووە.

وتیشی، هێزەکان لە بنکەکانیان دەکشێنەوە و ئەم پڕۆسەیە تاوەکو٣٠ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، کە ئەو رۆژە وەک رۆژی سەروەریی عێراق و رۆژێکی نیشتمانی دیاریکراوە. هاوکات، عێراق چاوەڕوان دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بگۆڕێت بۆ پەیوەندیی درێژخایەنی دووقۆڵی کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێن.

باسی لەوەشکرد، کە هێزە ئەمنییەکان توانای خۆیان سەلماندووە و دەتوانن ئاسایش و سەروەریی عێراق بپارێزن و کە حکومەت سورە لەسەر رێکخستنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، ئەو چەکەی خاکی عێراقی ڕزگار کردووە، دەبێت تەنیا لەژێر چەتری یاسایی و شەرعیی دەوڵەتدا بمێنێتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، کە پلانێکی ستراتیژییان بۆ پتەوکردنی سیستمی بەرگری هەیە، کە پشت بە چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزەکان دەبەستێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی تاوانکاری بەر لەوەی رووبدات.
هەروەها کە هەماهەنگی لەنێوان تەواوی دەزگا ئەمنییەکان بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دیاردەی سەربازگەکردنی شەقامەکان بهێنرێت و ئاسایشی ناوچەکە بە شێوەیەکی مۆدێرن بپارێزرێت.













گەلەری