سەردێڕ:

کۆبوونەوەی لیژنەی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستیپێکرد

PM:12:27:27/08/2026

248 جار خوێندراوەتەوە

شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی پەرلەمانیی عێراقدا لە کۆبوونەوەدایە، بۆ تاوتوێکردنی دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بە نرخی ٤٥٠ دینار بۆ هەرێم و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا، ئەم کۆبوونەوەیە لە دوای سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دێت لەسەر بانگهێشتی لیژنە پەرلەمانییەکە، کە ئامانج لێی دۆزینەوەی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و بەنزینە لە هەرێمی کوردستان.

لەم چوارچێوەیەدا، کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی پێشووی لیژنەکەدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، پێیان ڕاگەیەندراوە کە تا ئێستا هەرێم ئامادە نییە دەستبەرداری ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بێت، بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق سوتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتییانی هەرێم دابین بکات.

بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکان، لیژنە پەرلەمانییەکە ڕاسپاردەی هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی بە بڕیارێکی پەرلەمانی و بە شێوازێکی یاسایی ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.

لای خۆیەوە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسایەک کە واژۆی زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتاری لەسەرە، داوای کردووە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی تایبەت بە بەکارهێنانی ناوخۆ لە هەرێم بگەڕێنرێتەوە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی و لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق خۆی سوتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.













گەلەری