سەردێڕ:

راگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتی سوریاوە لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە

PM:06:41:20/01/2026

1124 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتیی سووریا، بە فەرمی رایگەیاند کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە چارەنووسی پارێزگای حەسەکە و شێوازی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان و ئیدارەی ناوچەکە.


ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی سووریا، گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە بەم شێوەیەن، حکومەتی سووریا بەڵێنیداوە لە ئەگەری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا، هێزەکانی سووپای سوریا نەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و تەنیا لە دەوروبەری شارەکان جێگیر بن.

هەروەها جەختکراوەتەوە کە هێزە سەربازییەکانی سووریا ناچنە نێو گوندە کوردییەکان و هیچ هێزێکی چەکدار لەو گوندانە نابێت جگە لە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان ئاسایشی ناوچەکە کە لە ڕۆڵەکانی خودی ناوچەکە پێکهاتوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، کاندیدێک لەلایەن خۆیانەوە پێشکەش دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا، هەروەها کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە، جگە لەوەش، لیستێک بە ناوی کاندیدان بۆ ئەندامێتی لە پەرلەمانی سووریا و دامەزراندنی ژمارەیەک فەرمانبەر لە دامەزراوەکانی دەوڵەت پێشکەش دەکات.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، مۆڵەتی چوار رۆژ دراوەتە هەسەدە بۆ دانانی پلانی وردی تێکەڵکردنەوەکە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە تێکەڵ بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا بکرێن، هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکانیش دەخرێنە سەر پەیکەری حکوومەتی سوریا.

دیمەشق پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە بە جێبەجێکردنی مەرسومی ژمارە ١٣ کە تایبەتە بە مافە لیسی و رۆشنبیرییەکان و مافی هاوڵاتیبوونی کورد لە سووریا، وەک هەنگاوێک بۆ شەراکەتی نیشتمانی.

سەرۆکایەتی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە لە کاتژمێر هەشتی شەوی سێشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.













گەلەری