دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع رایگەیاند، دەبێت مافی کورد پارێزراوبێت لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بە گوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا بە تەلەفۆن قسەی کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا هەردوو سەرۆک جەختیان لە
گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی سوریا کردەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆیان
بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە ئامانجیان بەدیهێنانی سەقامگیرییە لە وڵاتەکەدا.
ئەوەش خراوەتەڕوو، یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکانی گفتوگۆکە، تایبەت بوو بە
پرسی کورد لە سوریا لەم بارەیەوە، هەردوو لا جەختیان کردەوە لەسەر "پێویستیی دەستەبەرکردنی
مافەکان و پاراستنی گەلی کورد، لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا".