هەسەدە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە وەزارەتی بەرگریی سوریا ئاڕاستەی کردوون سەبارەت بە رێگریکردن لە چوونەدەرەوەی دانیشتووانی دێر حافر، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هۆکاری راستەقینەی پەککەوتنی جوڵەی هاوڵاتییان، بۆردومان و داخستنی دەروازەکانە لە لایەن خودی حکومەتی سوریاوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەنراوێکدا بڵاویانکردەوە، "هێزەکانمان بە توندی ئەو بانگەشە و تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە لە لایەن وەزارەتی بەرگریـی حکومەتی سوریاوە بڵاوکراونەتەوە، گوایە رێگری لە چوونەدەرەوەی هاوڵاتییانی مەدەنی لە شاری دێر حافر دەکرێت".
لە راگەیەنراوەکەدا
روونکراوەتەوە، کە پەککەوتنی جوڵەی هاوڵاتییان و ئاستەنگەکانی بەردەمیان، دەرەنجامی
راستەوخۆی ئەو پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە، کۆکردنەوەی هێز و بۆردومانە بەردەوامانەیە
کە گروپ و هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا ئەنجامی دەدەن.
ئاماژە
بەوەشکراوە، خودی حکومەتی سوریا لە رۆژی شەشی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بە فەرمی
دانی بەوە دانا کە سەرجەم دەروازەکانی لەگەڵ ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا
داخستووە، کە ئەمەش پووچەڵیی بانگەشەکانی ئێستایان دەسەلمێنێت.
لە بەشێکی دیکەی
ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر جۆرە کۆچپێکردنێکی هاووڵاتییان لەژێر هەڕەشەی هێزدا لە
لایەن سوپای عەرەبیی سوریاوە، بەپێی رێککەوتننامەی چوارەمی جنێڤ و پەیڕەوی بنەڕەتیی
(ڕۆما)، وەک تاوانی جەنگ دەناسێنرێت. ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییانە بە ڕوونی بە ئامانجگرتن
و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو مەدەنییەکان و هەر کردەوەیەک کە ئامانجی کۆچپێکردنی
زۆرەملێ بێت، قەدەغە و تاوانبار دەکەن.
هاوکات هەسەدە داوا
لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات، بە
توندی سەرکۆنەی سیاسەتی حکومەتی سوریا بکەن، هۆشداریش دەدەن کە ئەم سیاسەتانەی
ئەوان، دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٧٠ هەزار هاوڵاتیی مەدەنی و دروستبوونی
کارەساتێکی مرۆیی.