ژوری بازرگانی سلێمانی دەڵێت، نرخی هاوردەکردنی کیلۆیەک جلوبەرگ لە دۆلار و نیوێکەوە بووە بە هەشت دۆلار، بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستمی ئەسیکۆداو زیادکردنی باج و رسوماتی گومرکی، بازرگانانیش ناڕازین .
ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، سیستمی ئەسیکۆدا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە عێراق پەیڕەو کردووە، بۆ زیادکردنی باج و گومرگ، دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ زیاترن پشتگیریی زیادکردنی باجیان دەکەن.
وتیشی،
نرخی هاوردەکردنی کیلۆیەک جلوبەرگ لە دۆلار و نیوێکەوە بووەتە هەشت دۆلار، ئەمەش
ناڕەزایەتی لەلای بازرگانان دروست کردووە و بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ دەبێت
رسومات بەپێی پێویست بێت، بۆیە حکومەتی عێراق دەبێت پێداچوونەوە بە باج و گومرگدا
بکات.
ئاماژەی
بەوەشکرد، ئەو کاڵایانەی کە ئێستا هەن لەبازاڕەکاندا بە باج و گومرگی پێشووتر
هاتووە و کاریگەریی ئەم بڕیارە لەئێستادا دیار نییە، بەڵام لە دوای ئەم بڕیارە
هەندێک لە کاڵا و شمەک نرخەکانیان لە بازاڕدا زۆر بەرزدەبێتەوە.
ئەسیکۆدا،
سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە و بە سیستەمی ئۆتۆماتیکیی زانیارییە گومرگییەکان دەناسرێت،
لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان پەرەی پێدراوە و لە زۆرێک لە
وڵاتانی جیهاندا بۆ رێکخستنی کارە گومرگییەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییە
هاوچەرخەکان بەکاردێت.
سیستەمەکە
بۆ هەژمارکردنی رەسمی گومرگی و باجەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەپێی جۆری کاڵاکە،
کۆدی پێناسەی گومرگی، وڵاتی بەرهەمهێن و رێککەوتننامە بازرگانییەکان کار دەکات ، هەروەها
زانیارییە گومرگییەکان بە ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەبات، ئەمەش مامەڵە کاغەزییەکان
کەمدەکاتەوە و رێکارەکانی دەرهێنانی کاڵاکان خێراتر دەکات.