سەردێڕ:

ئیدارەی خۆسەر: هێرشەکەی سەر حەلەب بە ئامانجگرتنی بوونی کورد بووە

AM:11:48:11/01/2026

700 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی خۆسەر دەڵێت، هێرشەکەی سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، زنجیرەیەکی نوێیە لە بە ئامانجگرتنی بوونی کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی حەلەب و هێرشەکە بە پاڵپشتی چەند وڵاتێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی ئەنجامدراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، ئیدارەی خۆسەر راگەیاندراوێکی سەبارەت بە دۆخی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بڵاوکردەوە و وتی، دوابەدوای ئەوەی لە ٦ـی کانونی دووەمدا گروپە چەکداریەکانی سەر بە حکومەتی کاتی دیمەشق، هێرشیکی بەرفراوانیان کردە سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب، لە چوارچێوەی پلانێکی تورکیادا و بە پاڵپشتی رانەگەیندراوی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان.

ئەم هێرشانە زنجیرەیەکی نوێیە لە بە ئامانجکردنی بوونی کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی حەلەب و درێژکراوەی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژیانەیە دەرهەق بە دانیشتوانی کەناراوەکانی سوریا و خەڵکی سوەیدا کراوە.

لەو هێرشەدا کە شەش رۆژ بەردەوامبوو هەموو چەکێکی قورس بەکارهێنرا و بە هەزاران چەکدار کە بەشێکیان سەر بە گروپی تیرۆرستی داعشبوون، بەشداربوون و جەنگێکی نایەکسان و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی و یاسایەکی نێودەوڵەتی لە دژی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب بەکارهێنرا، داگیرکردنی ئەو دوو گەڕەکە سەرکەوتن نیە بەڵکو تاوانێکی گەورەیە، چونکە دەسەڵاتێک پشت بە ولاتێکی تر ببەستێت بۆ کوشتنی گەلی خۆی شەرعیەتی نیە.

وتیشی،ئەوان داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و چاودێری دۆخی مرۆیی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بکەن و داوای هێزێکی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ڕێگری لە پاکتاوی ڕەگەزی.

هەروەها داوا لە خەڵکی دوو گەرەکەکە دەکەن دەست بە ماڵ و حاڵی خۆیانەوە بگرن و نەهێڵن گۆڕانکاری دیمۆگرافی سەر بگرێت.

 













گەلەری