سەردێڕ:

پارتی هەمیشە بەڵێنی گەورە دەدات بەڵام جێبەجێی ناکات و گوزەرانی هاوڵاتیانی خراپتر کردووە

PM:09:20:27/10/2025

480 جار خوێندراوەتەوە

پارتی هەمیشە بەڵێنی گەورە و قەبەی بە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە داوە، بەڵام جێبەجێیان نەکردووە و گوزەرانی هاوڵاتیانیان خراپتر کردووە، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە پارتی دەست لە ناو دەست لەگەڵ یەکێتی دەستیان بە فرۆشتی نەوت کرد و بودجەیەکی زەبەلاح کە لە بەغدادەوە دەهات بڕییان، هەڵبژاردنی ١١ـی ١١ـش دوا دەرفەتە و هاوڵاتیان دەتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە بهێنن.


ئەمیان دەیوت، نەوتیان خستووەتە خزمەت ئاوەدانی کوردستانەوە و ئەوی دیکەیان دەیوت، خەڵکی هەرێم دەکەن بە شەریک لە داهاتی نەوت و پارتی کە لافی ئەوە لێدەدات گەورەترین حزبە لە هەرێم و عێراق، هەمیشە بەڵێنی قەبە و گەورەش دەدات، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ژیانی خەڵک، شتێکی تەواو جیاواز دەردەخەن.

ئەو نەوتەی ئەوان باسی دەکەن، لەوەتەی لە ٢٠١٤ـەوە بە سەربەخۆ لەگەڵ یەکێتی دەستیان بە فرۆشتنی کرد و بووەهۆی راگرتنی بودجەیەکی زەبەلاح لە بەغداوە بۆ هەرێم و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە ٦٠ مووچەی مووچەخۆرانیان خوارد یان بە روبعە مووچە پێیان دان، هەرچی ئاوەدانیەکەشە، هەر لەو کاتەوە زیاتر لە حەوت هەزار پرۆژە راگیراون بەجۆرێک روو لە شار و شارۆچکەیەک دەکەیت چەندین پرۆژەی تەواونەکراو دەبینیت.

پارتی و مەسرور بارزانی بە قسە هیچ نەماوە بۆ گەنجانی نەکەن بەڵام داتاکان شتێکی تر دەڵێن، ئەوەتا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دەرچوی زانکۆ هەن کە دانەمەزراون و ئەم دەسەڵاتە بێکار هێشتونیەتەوە، رۆژانەش بەشێکی گەنجان لەتاو نادادی ئەم دەسەڵات سەری خۆیان هەڵدەگرن و هەندێکیشیان هەر لەو ریگەیە سەردەنێنەوە.

هەر ئەو پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدانەی باسی کرد، حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەی خۆی سەرۆکایەتی دەکات، سێ مانگ جارێک مەوچەیەکی کەمی پێداون لە دۆخێکدان کەس ئێرەیی پێنابات.

هەرچۆنێک بێت، رۆژان رۆژی لەدوایە و هەڵبژاردنی ١١ـی ١١ خەڵک دەتوانن بە دەنگەکانیان کۆتایی بەم بێباکییەی پارتی و بەڵێنە بێکردارەکانی بهێنن.













گەلەری