سەردێڕ:

سەنتەری میترۆ: چەواشەکاری پەیجە سێبەرەکان ناتوانێت بمانوەستێنێت

PM:01:30:02/10/2025

456 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەری میترۆ دەڵێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن چەند پەیجێکەوە بەناوی سەنتەری میترۆ و رێکخەرەکەیەوە هەواڵی ناڕاست و لێدوانی ساختە بڵاودەکرێتەوە و ئاشکرایە كە بەشێك لەو پەیجانە لەلایەن دەزگای هەواڵگری حزبەکانن. دەشڵێت، ستەمکاری و چەواشە سەنتەری میترۆ ناوەستینێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی رۆژنامەنووسان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، "چەند رۆژێكە سوپایەكی ئەلیكترۆنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە بەشێكی زۆریان بە پارەی دزراوی هەژاران بەڕێوەدەبرێن، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی درۆن و لێدوان بەناوی رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆوە بڵاودەكەنەوە و خوێنەران چەواشە دەكەن".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "زۆر روونە كە بەشێك لەو پەیجانە لەلایەن دەزگای هەواڵگری حزبەوەن و ئەركیان بڵاوكردنەوەی درۆ و ناوزڕاندنی كەسانی رەخنەگرە، دەستیان كەشفە و خۆیان و حزبەكانیان ئەوەندە نابووت بوون".

ئەوەش باس کراوە، کە رێكخەری میترۆ دواهەمین كەس نابێت كە كارگەی درۆی سیاسییەكان ناویان دەزڕێنن؛ بەڵام كاتێك سەنتەری میترۆ دەیەوێت قسە بکات و لێدوان بدەین، نە ترس و نە ستەمكاری و چەواشەكاری، نایانوەستێنێت و ناترسن.













گەلەری