PM:01:12:02/10/2025
1276 جار خوێندراوەتەوە
لەدوای ئەوەی دادگای سلێمانی بڕیاری زیندانیکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی دا؛ دادگای تەمیز بە نوسراوی فەرمی داوای ئەوراقی دۆسیەکە دەکات و دادگای سلێمانیش ناینێرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، دادگای سلێمانی ئەوراقی دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید نانێرێت بۆ دادگای تەمیز هەرچەندە بە نوسراوی فەرمی دادگای تەمیز داوای ئەوراقەکە دەکات.
هەروەها، دادگای
سلێمانی دەڵێت دانیشتنەکانی دادگا بەردەوام دەبن و ئەوراق نانێرن بۆ دادگای تەمیز؛
هەرچەندە نوسراوەکەی دادگای تەمیزیان پێگەیشتووە و واریدەکراوە لە دادگای سلێمانی
و هامشی دادوەری دادگای سلێمانی لەسەرە.
ئەمەش لە
کاتێکدایە، لە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٥، درەنگانی شەو هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر
ماڵەکەی شاسوار عەبدولواحید و بەبێ ئاگاداری پێشتوەختە دەستگیریانکرد، گوایە لەسەر
چەند سکاڵایەک کە تا ئێستا لە دادگای سلێمانی بەڵگەیان لەسەر نەهاتووەتەوە؛ دادگای
سلێمانی سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
کاردانەوەکان لەبارەی ئەم پرسەوە بەردەوامبوون و میدیا ناوخۆییەکان و
دەرەکییەکان ئەوەیان خستەڕوو، کە دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە لەدوای ئەوەهات،
کە هەفتەیەک پێش ئەوە شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندبوو، ئەگەر هەرێم چارەسەری
کێشەی مووچە نەکات و لەگەڵ بەغدا رێکەوتنەکانی جێبەجێ نەکات؛ ئەوا هەڵوێستی جدییان
دەبێت.