سەردێڕ:

٤١ کۆچبەر لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق

PM:11:48:01/10/2025

972 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت، رێکارى گەڕاندنەوەی ٤١ کۆچبەریان بۆ عێراق تەواوکردووە، دەشڵێت، "تۆڕەکانی بازرگانی و قاچاxچیکردن بە مرۆڤەوە، بەردەوامن لە فریودانی گەنجەکانمان".


ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئەحمەد سەحاف، بەرپرسی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "بە هاوسەنگی و رێکارێکی تایبەت لە لیبیا کار لەسەر دۆسیەی کۆچبەران دەکەین، تاوەکو ئێستا توانیومانە ٦٨ کۆچبەر بگەڕێنینەوە بۆ عێراق".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لە ژینگەیەکی زۆر ئاڵۆزدا کاردەکەن و هەماهەنگیی تەواوەتییان لەگەڵ دەسەڵاتی فەرمیی تەڕابلوسدا هەیە، بۆ پاڵپشتیی کردنی گەڕانەوەی خۆویستانەی کۆچبەرانی عێراق".

وتیشی، پرسی کۆچ، پرسێکی مرۆیی و نیشتمانییە، پرسێکی سیاسی و پەیوەندیدار نییە بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پێشکەشکردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کۆچبەران، وەک دابینکردنی خۆراک، چارەسەر و هەندێکجاریش شوێنی نیشتەجێبوونیش بۆ کۆچبەرەکان دابین دەکەن.

جەختیشیکردەوە، تۆڕەکانی بازرگانیکردن و بە قاچاخبردنی مرۆڤ، بەردەوامن لە فریودانی گەنجانی عێراق، بۆیە پێیوستیان بە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی گەنجانە، تاوەکو وەک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکەن.

باسی لەوەشکردووە، ٤١ کۆچبەری عێراقی، کە ئارەزوومەندی گەڕانەوەن، رێکارە یاساییەکانیان بۆ ئەنجامدراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەنەوە عێراق.













گەلەری