سەردێڕ:

زانیاری لەسەر موچە هات

PM:06:37:19/10/2021

255428 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لە ٢٥ی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەن، دەشڵێت، ئەگەر بەغدا ٢٠٠ ملیار دینارەکە نەنێرێت بە لێبڕینەوە موچە دابەشدەکرێت، بەڵام رێژەی لێبڕینەکە دیارینەکراوە.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا دەستیانکردووە بە کۆکردنەوەی داهاتەکانی خاڵە سنوریی و ناوخۆ و فرۆشراوی نەوت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە داهاتەکان چاوەڕوانی بەغداش دەکەن ٢٠٠ ملیار دینارەکە بنێرێت، چونکە بەبێ ئەو پارەیە ناتوانن موچەی تەواو دابەشبکەن.

چاوگەکە باسی لەوەشکردووە،ئەگەر بەغدا پارەی نارد بێ لێبڕین موچە دابەشدەکرێت، ئەگەرنا بە لێبرینەوە دابەشدەکرێت بەڵام رێژەی لێبڕینەکە دیارینەکراوە.

لەبارەی کاتی دابەشکردنی موچەوە چاوگەکە دەڵێت، ٢٥ی مانگ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، مانگانە حکومەتى هەرێم لە فرۆشتنى نەوت و داهاتى ناوخۆ و خاڵە سنورییەکانەوە مانگانە زیاتر لە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلارى دەست دەکەوێت کە بەبێ پارەکەى بەغداش بەشى دوو موچەى تەواوەتى دەکات، چونکە بەهۆى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلارەوە لە ئێستادا حکومەت پێوێستى بە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ موچەى هەر مانگێک.

سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێک بوو داهاتەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام لە زیادبووندابوون و بەشی دابەشکردنی موچەی دەکرد بەبێ لێبڕین، بەڵام سێ مانگی بەر لە ئێستا، کاتێک بەغدا بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد و هیچ بیانوویەک نەمایەوە بۆ بەردەوامیدان پێی، بڕیاردرا بێ لێبڕین موچە دابەشبکرێت تا ئەو کاتەی بەغدا لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوام بێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق ناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی بۆ هەرێم لەم مانگەدا یەکلانەکردووەتەوە.

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری