سەردێڕ:

لە دوای ٢٧ ساڵ جارێکی تر سەرژمێریی گشتی لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام دەدرێت

PM:08:33:09/05/2024

2336 جار خوێندراوەتەوە

سەرژمێریی گشتی دانیشتوانی عێراق لە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت و لە بری بەکارهێنانی فۆڕمی کاغەز سیستەمی ئەلکترۆنی بەکاردەهێنرێت و پرسیارکردنیش لە بارەی نەتەوە لە سەرژمێرییەکە لادەبرێت.


لە دوای ٢٧ ساڵ، جارێکی تر سەرژمێریی گشتی لە سەرتاسەریی عێراق ئەنجام دەدرێت و وەک ئامادەکارییەکیش بۆ زامنکردن و سەرخستنی پڕۆسەکە، لە ٢٠ ـی ئەم مانگەدا سەرژمێریی ئەزمونیی لە چەند ناوچەیەکی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە دەچن.

یەکێک لە رێوشوێنەکان کە بەر لە سەرژمێرییە گشتییەکە دەگیرێتەبەر، ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی ئەزمونییە، کە بڕیارە لە ٢٠ ـی ئەم مانگە لە ٣٦ ناوچەی دیاریکراوی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام پێشتر سەرژمێرکاران کە ژمارەیان ٦٠٠ کەسە، بۆ ئەزموونێک دەبرێنە دوو ناوچەى شاری بەغدا.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ چوار کۆمپانیای نێودەوڵەتیی لە ئەمریکا و فینلەندا و کەنەدا و چین، گرێبەستی تایبەت بە تەواوکردنی کارەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراقیان واژۆ کردووە، وتیشی، جگە لە ژمارەى دانیشتوان، زانیاریی دیکە لەبارەى خێزانەکان و یەکەی نیشتەجێبونیان وەردەگیرێت.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕاشیگەیاند، ١٢٠ هەزار ئامێری ئەلکترۆنی بۆ پڕۆسەی سەرژمێرییەکە ئامادەکراوە و زیاتر لە ١٢٠ هەزار سەرژمێریکاریش بەشدار دەبن لە سەرژمێریى گشتیى دانیشتواندا.

لای خۆشیەوە مەهدی عەلاق راوێژکاری نیشتمانیی بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئاشکرای کردووە، ئەو فۆڕمە کاغەزییەی پێشتر بەکارهاتووە، لە سەرژمێرییەکەی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو لادەبرێت و دەکرێتە سیستەمی ئەلکترۆنی.

عەلاق باسی لەوەش کردووە، لە رێگەی ئامێرێکی تابلێتەوە سەرجەم تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و ئابووری و تەندروستی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق تۆمارکراوە، وتیشی، پرسیار لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە نەتەوە و ناوچە جێناکۆکەکان لە سەرژمێرییەکە لابراون تا هەستیاری و کێشە دروست نەکەن، بەو پێیەی ئامانج لە سەرژمێرییەکە دیاریکردنی ژمارەی نەتەوە جیاوازەکان نابێت.

ساڵی ١٩٩٧ دواین سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق ئەنجامدرا، بەڵام پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکی لەخۆ نەگرتبوو، چونکە ئەو کات لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی بەعسدا نەبوو، ئێستاش بڕیارە لە ٢٠ ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ جارێکی تر ئەنجام بدرێتەوە.

لەماوەی ١٥ ساڵی رابردووشدا، بەهۆی ناکۆکی هێزە سیاسییەکان، سەرژمێری لە عێراقدا ئەنجام نەدراوە و پێشبینیش کراوە ژمارەی دانیشتوان لە ئێستادا گەیشتبێتە زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەس.













گەلەری