سەردێڕ:

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: پێشبینی دەکرێت ژمارەی حاجیان بگاتە نزیکەی ٢٠ هەزار حاجی

PM:04:40:09/05/2024

1348 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، پلان و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی گەشتی حاجیان بە مەبەستی ئەنجامدانی حەج بەردەوامە و بە باشی بەڕێوە دەچێت. وتیشی، " پێشبینی دەکرێت ژمارەی حاجیان بگاتە نزیکەی ٢٠ هەزار حاجی".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، وەک قۆناغی سەرەتایی نزیکەی ١٨ هەزار و ٣٤٥ حاجی دەگوازنەوە بۆ مەککە بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی حەج، پێشبینیش دەکرێت ژمارەی حاجیان بگاتە نزیکەی ٢٠ هەزار حاجی.

باسی لەوەش کردووە، کۆمپانیای گشتی بۆ هێڵی ئاسمانیی عێراق چەندین فڕۆکەی لە جۆری پێشکەوتوو ئامادە کردووە بۆ گواستنەوەی حاجیان بۆ مەککە.

ئەوەشی خستووەتە روو، گەشتەکان رۆژانە دەبن کە لە هەر رۆژێکدا سێ بۆ پێنج گەشت ئەنجام دەدرێت و لە رۆژی ١٨ـی ئەم مانگەوە دەست پێ دەکات تا ٢٦ـی مانگ بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دواتر لە رۆژی ٢٧ـی ئایارەوە تاوەکو رۆژی ٣ـی حوزەیران ژمارەی گەشتەکان زیاد دەکرێت تا ١٠ گەشت لە رۆژێکدا، هاوکات پێشبینی دەکرێت ژمارەی سەرجەم گەشتەکان بگاتە ١٠٠ گەشت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٣ـی ئایار وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بە سەرپەرشتی کۆمپانیای گشتیی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانە و گەشتە ئاسمانییەکان، ئامادەکارییان بۆ ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سعودیە دەست پێکردووە.













گەلەری