سەردێڕ:

بانکی بازرگانی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی: هیچ پەیوەندییەکمان بە هەژماری منەوە نییە

PM:12:25:08/05/2024

8612 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بانکی بازرگانی عێراق TBI بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن و هیچ پەیوەندییەکیان بە پڕۆژەی هەژماری من'ـەوە نییە.


‎ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێک لە بانکی تی بی ئای لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەپشت بەستن بە بڕیاری دادگای فیداڵی دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو مووچەخۆرانەی کە لە هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن، لەداهاتوودا هەژمارەکانیان دەگوازرێتەوە بۆسەر بانکەکانی تی بی ئای و رەشید و رافیدەین.

بانکی بازرگانی داواش لە مووچەخۆران دەکات، بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من نەکەن و پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لەلایەن بانکی بازرگانی عێراقەوە دەستی پێکردووە.
 ئەوەشی خستەڕوو، بانکەکە بە نیازە لەماوەی دوو مانگدا مووچەی ٧٠٠ هەزار مووچەخۆری هەرێم بە بانکی بکات.

لەو بارەیەشەوە رۆژی ٤ـی ئایار، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی تی بی ئای لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەک بانکی بازرگانی عێراق پابەند دەبن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەژێر رێنمایی وەزارەتی دارایی عێراق. وتیشی، "هیچ زانیارییەکمان لەسەر هەژماری من نییە و ئێمە تەنها کار بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکەین بۆ بەبانکیکردنی مووچە نەک هەژماری من".

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان، بانکەکانی رەشید و رافیدەین لقەکانیان لە شارەکانی هەرێم دەکەنەوە و بەشدار دەبن لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.













گەلەری