سەردێڕ:

ئاسایشی سلێمانی: دوو کەسمان دەستگیرکرد بەتۆمەتی فرۆشتنی ئامێری گزیکردن بە خوێندکاران

AM:09:11:08/05/2024

1412 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە ویستوویانە ئامێری گزیکردن بە خوێندکاران بفرۆشن.


ئاسایشی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو دوو تۆمەتبارە ویستوویانە ئامێری گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا لە رێگای ئۆنلاینەوە بەسەر خوێندکاراندا ساغ بکەنەوە و بیگەیەنن بە کڕیار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی (٢٤٠) دەستگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە .

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٢٠ی مانگی رابردوودا، لەبارەی تاقیکردنەوەی نیشتیمانییەوە وەزارەتی پەروەردە داوای لە خوێندکاران کردبوو، خۆیان بەدوور بگرن لە ئەنجامدانی گزیکردن لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا و بەو لاپەڕانەی سۆشیاڵ میدیا فریو نەخۆن کە ئامێری گزیکردن دەفرۆشن.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، یەکێک لەو لاپەڕانەی لە سۆشیاڵ میدیادا هەن داوای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە و لەسەر سکاڵای وەزارەتی پەروەردە دەستگیرکراون.

باسی لەوەشکردبوو، وەزارەتی پەروەردە داوا لە قوتابیان و خوێندکاران دەکات بەهەموو جۆرێک دوور بن لەو جۆرە فریودانانە و ئەوانە بێ ئەنجامن. هەر کەسێکیش ئەو کارانە بکات ڕووبەڕوی یاسا دەکرێتەوە، ئەگەر پاش تەواوبوونی پڕۆسەی تاقیکردنەوەکانیش بێت.
No description available.

No description available.












گەلەری