سەردێڕ:

ناکۆکییەکانی نێوان حەماس و ئیسڕائیل چین بۆ پێکهێنانی ئاگربەست؟

PM:07:07:07/05/2024

1500 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی و دەستەی پەخشی ئیسڕائیل بڵاویان کردەوە، ناکۆکییەکانی نێوان حەماس و ئیسڕائیل سەبارەت بە ئاگربەست دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حەماس ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئیسڕائیل ئاگربەستی کاتی دەوێت و حەماس دەیەوێت ئیسڕائیل هێزەکانی بکشێنێتەوە، بەڵام ئیسڕائیل ئامادە نییە، هەروەها حەماس دەیەوێت لە هەر هەفتەیەکدا سێ بارمتە ئازاد بکات، بەڵام ئیسڕائیل دەیەوێت لە هەر سێ رۆژێکدا سێ بارمتە ئازاد بکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، هەریەکە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی و دەستەی پەخشی ئیسڕائیل بڵاویان کردەوە، هێشتا ئیسڕائیل و حەماس لەسەر پرسە سەرەکییەکان ناکۆکن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

ئاماژە بەوەش کراوە، یەکێک لە ناکۆکییەکانی نێوان حەماس و ئیسڕائیل ئەوەیە کە حەماس ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەوێت و ئیسڕائیلیش دەیەوێت تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی ئاگربەست پێک بهێنرێت.

باس لەوەش کراوە، ناکۆکییەکی دیکەش بریتییە لەوەی حەماس دەیەوێت لە رۆژی ١٦ـهەمینی ئاگربەستدا دەست بە گفتوگۆ بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، بەڵام ئیسڕائیل دژی ئەو پێشنیارەیە.

ئەوەش خراوەتە روو، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە ناکۆکییەکی دیکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلە بەوپێیەی حەماس داوا دەکات ئیسڕائیل هەموو هێزەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە، بەڵام ئیسڕائیل ئامادە نیە هێزەکانی بکشێنێتەوە.

ناکۆکییەکی دیکەی نێوان هەردوو لایەن بریتییە لەوەی حەماس دەیەوێت لە هەر هەفتەیەکدا سێ بارمتە ئازاد بکات، بەڵام ئیسڕائیل دەیەوێت لە هەر سێ رۆژێکدا سێ بارمتە ئازاد بکرێت.

دوێنێ دووشەممە، حەماس رەزامەندی دەربڕی لەسەر مەرجەکانی میسر و قەتەر بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، کە مەرجەکان بریتیبوون لەوەی لە قۆناغی یەکەمدا ئاگربەست بۆ ماوەی ٤٢ رۆژ پێکبهێنرێت و ٣٣ بارمتە لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن بەرامبەر ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکانی ژێر دەستی ئیسڕائیل، هەروەها کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە.

لە قۆناغی دووەمیشدا، ئاگربەست بۆ ماوەی ٤٢ رۆژ درێژ بکرێتەوە و سەرجەم هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە بکشێنەوە و تەواوی بارمتەکانی ژێر دەستی ئیسڕائیل ئازاد بکرێن بەرامبەر بە ئازادکردنی سەربازە بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس.

لە قۆناغی سێیەمیشدا، ئاڵوگۆڕی تەرمەکان تەواو دەکرێت و دەست بە ئاوەدان کردنەوەی غەززە دەکرێت بە سەرپەرشتی میسر و قەتەر، هەروەها سەرجەم گەمارۆکان لەسەر کەرتی غەززە هەڵدەگیرێن.













گەلەری