سەردێڕ:

تا ناوەڕاستی ٢٠٢٥؛ عێراق زیاتر لە ١٦٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ کارەبای نیشتمانیی زیاد دەکات

PM:02:35:07/05/2024

1092 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری غاز رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراقدا رێککەوتون بۆ دابینکردنی غاز بۆیان بە مەبەستی ئەوەی تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، بە بڕی زیاتر لە ١٦٠٠ مێگاوات، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارەبای ئەنبار زیاد بەکەن.


ئەمڕۆ سێشەممە، عیزەت سابڕ یاریدەدەری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری غاز رایگەیاند، پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەندین گرێبەستییان بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمی غازی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیهاندا واژۆ کرد، لە ئێستادا ئامادەن ناردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا زیاد بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراقدا رێککەوتوون کە رۆژانە لە کێڵگەی غازی عوکازەوە بڕی ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا رەوانەی وێستگەی کارەبای ئەنبار بکەن، بە ئامانجی ئەوەی تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وێستگەیە بە بڕی ١٦٤٠ مێگاوات زیاد بکەن.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازە لە کێڵگەی عوکاز، کە ئامانجیانە لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا، رێژەی بەرهەمی غاز لەو کێڵگەیە بۆ ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجای رۆژانە بەرز بکەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق چەندین گرێبەستی بۆ بەرەوپێشبردنی کێڵگەکانی غاز لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا واژۆ کردووە، بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمی کێڵگە غازییەکان و بڕی کارەبای نیشتمانیی.














گەلەری