سەردێڕ:

دژی دواکەوتنی مووچەکانیان؛ لە بەردەرکی سەرا خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان گردبوونەوە

AM:10:31:07/05/2024

1668 جار خوێندراوەتەوە

دژی دواکەوتنی مووچەکانیان و خراپی گوزەران و ژیانیان، لە بەردەرکی سەرای سلێمانی کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت گردبوونەتەوە.


ئەو خاوەنپێداویستییە تایبەتانە باس لەوەدەکەن، گوزەرانیان خراپە و سەرەڕای ئەوەی مووچەکەیان کەمە لەکاتی خۆشیدا پێیان نادرێت.

ئاماژە بەوەشدەکەن، زۆرینەیان ناتوانن کار بکەن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیەیە بەڵام پێیان نادرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ئایاردان، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە و هێشتا هیچ وادەیەکیش بۆ دابەشکردنی مووچە رانەگەیەنراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە حکومەتی عێراق داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات لیستی مووچەی مووچەخۆرانیان بۆ مانگی نیسان بۆ بنێرن، سەرەڕای درەنگ ناردنی لیستەکە لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام گرفت لە لیستەکە و دەرخستەی کۆتایی مانگی ئازاریشدا هەبوو، ئەوەش ناردنی مووچەی دواخستبوو و لە ئێستاشدا گرفتی ئەوە هەیە، کە هەرێم داهاتەکانی رادەستی بەغدا ناکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەغدا مووچەی مووچەخۆران بنێرێت.

هاوکات، لەدوایین لێدوانیشدا وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاندووە، هەموو رێکارەکانیان جێبەجێکردووە و چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراقن پارە بنێرێت.

لەبەرامبەریشدا، وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەکردووە، سوورن لەسەر رادەستکردنی داهاتی نانەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە پاشان مووچەی مووچەخۆران دەنێرن.

پێشتریش، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک وەک داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە نەنێردراوە بۆسەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە.


گۆران لوقمان، سلێمانی

No description available.No description available.












گەلەری