سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی هەشت مانگی نە داوە بە بەغدا نە مووچەشی پێ دابەشکردووە

PM:01:41:06/05/2024

1548 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ماوەی هەشت مانگە حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی ناوخۆ و گومرگەکان وەردەگرێت، بەڵام یەک دیناری رادەستی بەغدا نەکردووە و مووچەی مووچەخۆرانیشی پێ دابەش نەکردووە. دەشڵێت، "مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەرپرسن لە دیارنەمان و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم".


ئەمڕۆ دووشەممە، کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەرپرسن لە دیارنەمان و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بۆیە پێویستە ئەو داهاتانە بخرێنە خەزێنەی وەزارەتی دارایی و مووچە نەدراوەکانی مووچەخۆرانی لێ دابەش بکرێت و پڕۆژە تەواونەکراوەکانی پێ تەواو بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی نوسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی ناوخۆ و گومرگەکان مانگانە ٤٥٥ ملیار دینارە، ئەمە جگە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگەکان و لەڕێگای تانکەر، کە رۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل دەفرۆشێت.

وتیشی، "ناکرێت داهات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە کە موڵکی خەڵکی کوردستانە بخرێتە خزمەتی دوو حزب و دوو بنەماڵەی حوکمڕان لە هەرێم کە بۆ خۆیان و جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان بەکاری بێنن". 
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێن ئاڕ تی زانیویەتی، بە فەرمانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و قوباد تاڵەبانی جێگری، دەست بەسەر داهاتی ناوخۆی هەشت مانگی هەرێمدا گیراوە و ئامادە نین نە مووچەی پێ بدەن، نە پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ بکەن.













گەلەری