سەردێڕ:

بە فەرمانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەستگیراوە بەسەر داهاتی ناوخۆی هەشت مانگدا

AM:11:47:06/05/2024

6416 جار خوێندراوەتەوە

بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و و قوباد تاڵەبانی جێگری، دەستگیراوە بەسەر داهاتی ناوخۆی هەشت مانگدا و بۆ مووچە خەرج ناکرێت.


بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، داهاتی ناوخۆی هەشت مانگی رابردووی هەرێم بە فەرمانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و قوباد تاڵەبانی جێگری، دەستی بەسەردا گیراوە.

 

هاوکات جگە لە داهاتی ناوخۆ، حکومەتی کاربەڕێکەرلە رێگەی دەروازە سنورییەکانەوە بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت بە تەنکەر، رۆژانە بە ملیۆنان دۆلار داهاتەکەیەتی، جگە لەوەی لەو ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی بەرهەم دەهێنرێت، بەشێکی لە ناوخۆدا ساغ دەکرێتەوە.

پێشتر حکومەتی کاربەڕێکەر ئاماژەی بەوە کرد کە داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا دەکەن، بۆیە لەسەر بنەماى نوسراوى وەزارەتى دارایی هەرێم کە بۆ بەغداى ناردووە و تیایدا ئاماژەى بەوە کردووە، داهاتى ناوخۆى هەرێم ٤٤٧ ملیار دینارە، بەغدا داواى ناردنى ٩٠٥ ملیار دینارى لە هەرێم کردووە وەک داهاتى ناوخۆى هەردوو مانگى یەک و دووى رابردوو، بەڵام هەرێم تا ئێستا رادەستى نەکردووە و ئامادەش نییە داهاتی ناوخۆی هەشت مانگ بۆ مووچە بەکار بهێنێت.

بەپێى ئامارەکەى خودى حکومەتى کاربەرێکەر، داهاتى چوار مانگى ئەمساڵى هەرێم تەنها لە داهاتى ناوخۆ ترلیۆنێک و ٧٨٨ ملیار دینارە، ئەگەر نەوتی قاچاغیشى بچێتە سەر، ئەوا داهاتى هەرێم لەو چوار مانگەدا دەکاتە سێ ترلیۆن و ١٨٨ ملیار دینار، ئەوەش جگە لە داهاتی دوو مانگ و نیوی کۆتایی ساڵی رابردوو، واتە تەنها بە داهاتی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە ئاسانى دەتوانێت مووچەی سێ مانگ بدات، بەو پێیەى هەرێم پێویستى بە ٩٥٠ ملیار دینارە بۆ دابەشکردنى مووچەى یەک مانگ و هەر سێ مانگەش پێویستى بە دوو ترلیۆن و ٨٥٠ ملیار دینارە، هێشتا ٣٣٨ ملیار دیناریشى لێ زیادە.


 













گەلەری