سەردێڕ:

وه‌زیری نه‌وتی عێراق: هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ هەرێم نەکراوە بۆ رادەستکردنی نەوت

PM:11:20:02/05/2024

3508 جار خوێندراوەتەوە

وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەکراوە سەبارەت بە رادەستکردنەوەی نەوتی هەرێم. دەشڵێت، هه‌ندێك ناكۆكی هه‌یه‌ له‌باره‌ی كێڵگه‌كانی نه‌وت و پێویستی بە چارەسەرکردنە بە شێوەیەک له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراقدا بگونجێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رێككه‌وتنێكی پێشوو هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نەوتی هەرێم راده‌ست بكرێت به‌پێی یاسای بودجه‌ی عێراق.

باسی لەوەش کرد، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ كێڵگه‌كانی هه‌رێم كار ده‌كه‌ن نزیكه‌ی ٣٧٥ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنن و نزیكه‌ی ٦٠ هەزار به‌رمیل نه‌وتیش بۆ كێڵگه‌كان و ناوخۆی هەرێم ده‌ڕوات، پێویسته‌ راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت.

وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئەوەشى خستە روو، دوو لیژنه‌ى تەکنیکی و یاسایی پێكهێنراون و له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌ دەکەن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ـی نیسان حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر کراوە کە کۆپیەک لە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان بداتە وەزارەتی نەوتی عێراق، تا لەرێیەوە بتوانرێت پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ هەبێت. وتیشی، "هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و داوامان کردووە هەرێم ئامادەکاری تەواوەتی بۆ ئەو پرسە بکات".













گەلەری