سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق: یەکەم کاروانی غازمان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرد

PM:10:39:02/05/2024

2068 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز رایگەیاند، عێراق توانی یەکەم کاروانی غازی پرۆپان بە بڕی زیاتر لە ١٠ هەزار تۆن هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات و ئەوەش دەبێتە یەکەم هەنگاوی هەناردەکردنی غازی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان و وڵاتانی دراوسێ. لەو بارەیەشەوە چاوگێک لە کێڵگەی غازی بەسڕە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەوڵدەدەن ئاستی هەناردەکردن بۆ ١٥ هەزار تەن زیادبکەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عیزەت سابر بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز رایگەیاند، عێراق توانی لە رێگای کێڵگەی غازی بەسرەوە یەکەم کاروانی غازی پرۆپان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا توانای هەناردەکردنی غاز ١٠ هەزار و ٧٠٠ تۆنە کە لە رێگای کەشتی نەوتی گەورەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان و ڵاتانی دراوسێ دەگوازرێتەوە بە نرخی رۆژانەی بازاڕەکانی جیهان. وتیشی، " هەناردەی غاز لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی نەوتە بۆ بەرز کردنەوەی داهاتی مانگانە و ساڵانە".

لەلایەکی دیکەشەوە چاوگێکی ئاگادار لە کۆمپانیای غازی بەسڕە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەناردەکردنی غازی پرۆپان لە چوارچێوەی پلانەکان و رێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقدا بووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی مانگانە کە هاوکاربێت لە کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە.

ئەوەشی خستە روو، وەزارەتی نەوت لە پلانیدایە تا چارەکی سێیەمی ئەمساڵ ئاستی هەناردەکردنی غازی پرۆپان و LPG و کۆندێنسێت بۆ زیاتر لە ١٥ هەزار تەن بەرز بکاتەوە کە دەبێتە هاوکارێکی نوێی داهات بۆ عێراق. وتیشی، " گواستنەوەی غازەکان لەرێگای نوێترین کەشتی نەوتی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەرەتای مانگی نیساندا رایگەیاند، چەندین گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا چینی و ئەڵمانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز ئەنجامداوە کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆبژێوی لەم ساڵدا.













گەلەری