ماوەی دوو رۆژە بارانبارینی بە لێزمە ناوچەکانی هەرێم و عێراقی گرتووەتەوە و لە هەولێر و کەرکوک و موسڵ لافاو دروستبوو و لە چەند ناوچەیەک زیانى زۆری ماددى لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆ دووەم رۆژ بارانبارین لە شارەکانی هەرێم بەردەوامە و بەهۆیەوە لە هەولێر و کەرکوک و موسڵ لافاو دروستبوو و زیانى ماددى لێکەوتەوە و بەهۆی لافاوەوە ئاو چووە نێو چەندین ماڵەوە و هۆشداریش دراوەتە هاوڵاتیان کە خۆیان بەدووربگرن لە کارەبا و ناوچە چاڵەکان.
رێکارەکانی خۆپاراستن لەکاتی دروستبوونی لافاو:
١- لافاو
خێرا زیاد دەکات چاوەڕێ مەکە تا ئاو بەرز دەبێتەوە، دەستبەجێ لە ناوچە نزمەکان
دووربکەونەوە، لەو شەقامانەدا لافاویان تێدا دروست بووە شۆفێری مەکە و هەوڵبدە ئەو
ناوچانە بگریتەبەر کە ئاراستەی رێگاکانیان لە لافاو پارێزراوە.
٢- پارەی نەختینە
و دەرمان و پێداویستی فریاگوزاری سەرەتایی و جل و بەرگ پۆشاکی پێویست لەگەڵ بەڵگەنامە
گرنگەکان بە پارێزراوی بهیڵەوە و ئەو شوێنانە دیاریبکە کە دەتەوێت لە ئەگەری
لافاودا بۆی بڕۆیت.
٣- هەوڵبدرێت
کەسێکی پەیوەندیدار دیاری بکرێت کە ئەگەر ئەندامانی خێزانەکەت جیابوونەوە، بتواندرێت
پەیوەندی پێوە بکرێت بۆ هاوکاری کردنیان.
٤- ماددە مەترسیدارەکان
(وەک بۆیاخ، رۆن، قڕکەر و پێداویستی پاککردنەوە) دوور بخەرەوە لە شوێنە نزمەکان لە
ماڵەکەتدا یان بیانگوازەرەوە بۆ شوێنی بەرزتر.
٥- دەرچەی هەواگۆڕکێ بۆ ژێرزەمینەکان دابخە بۆ رێگریکردن
لە لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە ماڵەکەتدا وە دوور بکەوەرەوە لەو شوێنانەی کە پێشتر
لافاویان لێ دروستبووە و هەوڵ مەدەن بەو شوێنانەدا تێ پەڕبن.
٦- دوور بکەوە لە هێڵەکانی کارەبا و وایەری کارەبا
و کێبڵە بارگاوییەکان و دەستبەجێ شوێنەکە چۆڵ بکە، هاوکات بۆ گیرخواردوان و
رزگارکردنیان کەرەستەی گونجاو بەکاربێنن ئەگەر توانرا شتێک فڕێ بدەن بۆ کەسەکە کە یارمەتی
بدات لە دەستپێگەیشتن و سەلامەتی، وەک تایەی یەدەگ، یان پەتێکی بەهێز.
٧- لەکاتی پێشبینی
روودانی لافاودا چاودێری هەواڵەکان بکە تا خێراتر ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی بڵاوبوونەوەی
لافاو بیت لە ناوچەکەتدا و لە پێناو سەلامەتیت تەواوی یەکە کارەباییەکانی ناو ماڵەکات
بکوژینەوە.
٨- لە کاتێکدا
پێشبینی ئەگەری لافاو دەکرێت پێویستە خۆت لە ناوچە نزمەکان بەدوور بگریت و ئەگەر تەڕ
بوویت یان لەناو ئاودا وەستابوویت دەست لە هیچ کەرەستەیەکی بارگاوی و کارەبای مەدە
و تەواوی یەکە بارگاوییەکانی ماڵەکەت بکوژێنەوە.
٩- هاوڵاتیان پێویستە لە ئەگەری دروستبوونی لافاودا بە خێرایی
پەیوەندی بکەن بە ژمارە (١١٥_١٢٥) ـی ژووری فراگوزارییەوە تاوەکو بە زووترین کات
بتواندرێت تیمەکانی بەرگری شارستانی بگەیەندرێتە ناوچەکە.