سەردێڕ:

نوێنەری وانەبێژانی هەرێم: تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم لیستی وانەبێژانیان بۆ بەغدا نەناردووە

PM:08:00:02/05/2024

1112 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری گشتیی وانەبێژانی هەرێم رایگەیاند، وەک مامۆستایانی وانەبێژ کە ژمارەیان ٣٧ هەزار وانەبێژە داوای سەرەتایترین مافی خۆیان دەکەن کە دامەزراندنە و ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم وەڵامیان نەدەنەوە دووبارە لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران خۆپیشاندان دەکەن. دەشڵێت، " سوپاسی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەکەین کە دیدار و کۆبوونەوەیەکیان بۆ رێکخستین لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە دامەزراندنی وانەبێژانی هەرێم".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی رەئوف نوێنەری گشتیی وانەبێژانی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ئێستادا لایەنی عێراقی هاتووەتە سەر خەت و ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک لەڕووی یاساییەوە بۆ دامەزراندنی وانەبێژان دەربڕیوە، ئەوەی لەسەر شانی دەسەڵاتدارانی هەرێمە تەنها ناردنی لیستی ناوی وانەبێژانە کەچی تا ئێستا لیستەکەیان نەناردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتدارانی هەرێم بە نهێنی دامەزراندن بۆ کەسوکاری خۆیان دەکەن بەڵام بێباکن لە مامۆستایانی وانەبێژ و چینەکانی دیکە. وتیشی، کۆڵەکەی هەر وڵاتێک کەرتی پەروەردەیە بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ گرنگییەکی پێ نادەن.

وتیشی، "لە ئێستادا ٣٧ هەزار و ٧٤٠ مامۆستای وانەبێژ ناویان بۆ دامەزراندن تۆمار کراوە".

ئەوەشی خستە روو، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دامەزراندنی راگرتووە، سەرباری ئەوەش تا ئێستا ٤٥ بۆ ٥٠ هەزار کەسی دامەزراندووە بەڵام تا ئێستا لیستی ناوی وانەبێژانی بۆ بەغدا نەناردووە بە مەبەستی دامەزراندنیان. 

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە هاوکاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ نوێنەری گشتیی وانەبێژانی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاند، هیچ لیستێکی وانەبێژانی هەرێم رەوانەی وەزارەتەکەیان نەکراوە.

قسەکانی وەزیری دارایی عێراق لەکاتێکدایە، ماوەی نزیکەی مانگێکە حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتی پەروەردە باس لەوە دەکەن کە لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژیان رەوانەی بەغدا کردووە، بەڵام تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەتی دەکاتەوە لیستەکە بۆ وەزارەتی دارایی نێردرابێت.

 













گەلەری