سەردێڕ:

بەهۆی بارانبارینەوە لە گەڕەکی شۆراوی کەرکوک ئاو چووە نێو چەند ماڵێکەوە

PM:06:48:02/05/2024

1324 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی شەپۆلی بارانبارینەوە لە گەڕەکی شۆراوی کەرکوک لافاو دروستبوو بەهۆیەوە ئاو چووە نێو ماڵەکان و زیانێکی زۆری بە ماڵەکان گەیاند. ناوەندی کەشناسی کەرکوکیش رایگەیاند، ئەمشەو جارێکی دیکە شەپۆلی بارانبارین دەست پێدەکاتەوە و بەهۆیەوە دووبارە لافاو لە دروست دەبێتەوە هەربۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.


بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، تا ئێستاش بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەر ئاوڕی لێیان نەداوەتەوە.

هاوکات، ناوەندی کەشناسی کەرکوک رایگەیاند، جارێکی دیکە مەترسی دروستبوونی لافاو لە ناوچە جیاوازەکانی کەرکوک هەیە لە ئەنجامی شەپۆلی بارانبارینی بە لێزمە لە کاتەکانی شەودا، هەربۆیە لەپێناو سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.

هەر لەمڕۆدا، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لەسەر رێگای نێوان کەرکوک -هەولێر ئاوێکی زۆر کۆبووەوە و ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست بوو.

لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە لە پارێزگای هەولێر لە ئەنجامی زۆری بڕی بارانبارینەوە لە گەڕەکی تەیراوا، لە بەردەم قەڵای هەولێر، لە بنەسڵاوە، گەڕەکی فەرمانبەران، دارەتوو، شەقامی بەردەم پەروەردەی هەولێر و بەشێکی شەقامی ٦٠ مەتری لافاو دروست بوو و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران دروست کرد، لە بازاڕی سورچیانیش ئاو چووە نێو بەشێک لە دوکانەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر کەشناسی هەرێم هۆشداری ئەوەی دابوو شەپۆلێکی لێزمە باران و هەورەتریشقە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و ئاستى دابارین لەسەر بەشێک لە پارێزگاکانى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت، هاوکات ئەگەری دروست بوونی لافاو لە چەند ناوچەیەک دەبێت.
سۆران محەمەد - کەرکوک

 













گەلەری