سەردێڕ:

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رێککەوتنەکانیان لەگەڵ تورکیا؛ سودانی حەوت لیژنەی پێکهێنا

PM:01:20:02/05/2024

960 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران، حەوت لیژنە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رێککەوتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا پێکهێنراون.


بە گوێرەی راگەیەنراوێکی نوسینگەی سودانی، پێکهێنانى ئەو حەوت لیژنەیە بە مەبەستی بەدواداچوونە بۆ ئەو رێککەوتنانەی لە کاتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، لە نێوان تورکیا و عێراقدا واژۆ کراون، کە دۆسیەکانی ئاو و وزە و ئابووری و ئاسایشن.

ئاماژە بەوەش کراوە، سودانى داواى لە وەزارەتەکانى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو و ئاوەدانکردنەوە کردووە، پڕۆژە پێویستەکانى کەرتى ئاو پێشکەش بکەن، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی پەیوەندیدارن بە بەنداوەکان و رووبارەکان.

هاوکات، سودانی فەرمانى بە سەرجەم ئەو وەزارەتانەش کردووە، کە یاداشتى لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ شاندى تورکیا واژۆ کردووە، لە ماوەى دوو هەفتەدا پلان و خشتەى کارى هەریەک لەو یاداشتانە ئامادە بکەن، تا تاوتوێ بکرێن و بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ٢٢ـی مانگی رابردوو، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کرد و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاکاندا لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کران.













گەلەری