سەردێڕ:

هەرێم زیاتر لە هەفتەیەکە بەڵێنی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی داوە بەڵام جێبەجێی نەکردووە

AM:09:47:02/05/2024

1332 جار خوێندراوەتەوە

هەفتەیەک تێپەڕ بووە بەسەر بڕیارەکەى حکومەتى کاربەرێکەر بۆ رادەستکردنى داهاتى ناوخۆ، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیى بەغدا، ئەوەش یەکێکە لە گرێکوێرەکانى نەناردنى مووچە و بەپێى دەستور و بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵیش، دەبێت هەرێم داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا بکات، بەڵام ٢١ ساڵە یەکێتى و پارتى یەک دیناریان رادەستى عێراق نەکردووە.


لەسەر بنەماى نوسراوى وەزارەتى دارایی هەرێم کە بۆ بەغداى ناردووە و تیایدا ئاماژەى بەوە کردووە، داهاتى ناوخۆى هەرێم ٤٤٧ ملیار دینارە، بەغدا داواى ناردنى ٩٠٥ ملیار دینارى لە هەرێم کردووە وەک داهاتى ناوخۆى هەردوو مانگى یەک و دووى رابردوو، بەڵام هەرێم تا ئێستا رادەستى نەکردووە.

ئێن ئاڕ تى زانیویەتى، هەرێم جگە لەوەى ئامادە نییە داهاتى ناوخۆ رادەست بکات، لە هەوڵیشدایە ئەو ژمارەیە کەم بکاتەوە کە وتویەتى داهاتى ناوخۆ ٤٤٧ ملیار دینارە و بە بەغدایان وتووە، کە ئەو ژمارەیەیان بە هەڵە نوسیوە، لە کاتێکدا یەکێتى و پارتى سەربارى داهاتى ناوخۆ، مانگانە ٢٥ ملیار دیناریش لە هاوپەیمانان وەردەگرن بۆ مووچەى پێشمەرگە و بەردەوامیشن لە فرۆشتنى نەوت بە شێوەى قاچاغ، بەمەش تێکڕاى ئەم داهاتانە مانگانە بە زیاتر لە ٨٢٠ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.

بەپێى ئامارەکەى خودى حکومەتى کاربەرێکەر، داهاتى چوار مانگى ئەمساڵى هەرێم تەنها لە داهاتى ناوخۆ ترلیۆنێک و ٧٨٨ ملیار دینارە، ئەگەر نەوتی قاچاغیشى بچێتە سەر، ئەوا داهاتى هەرێم لەم چوار مانگەدا دەکاتە سێ ترلیۆن و ١٨٨ ملیار دینار، واتە بە ئاسانى دەیتوانى سێ مووچەکەى کۆتایی ساڵى رابردووى لی بدات، بەو پێیەى هەرێم پێویستى بە ٩٥٠ ملیار دینارە بۆ دابەشکردنى مووچەى یەک مانگ و هەر سێ مانگەش پێویستى بە دوو ترلیۆن و ٨٥٠ ملیار دینارە، هێشتا ٣٣٨ ملیار دیناریشى لێ زیادە.

کەواتە حکومەتى کاربەرێکەر نە داهات رادەستی بەغدا دەکات و نە خۆشى دەیدات بە مووچە، نە ئامادەشە لە رێگەى چاکسازییەوە کێشەى داهاتى ناوخۆ یەکلایی بکاتەوە و بەشێوەیەکى دادپەروەرانە بیخاتە خزمەتى پرۆژەکان و خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان.













گەلەری