سەردێڕ:

وەزیری خوێندنی باڵا: لێخۆشبوونی پارەى پارالێڵ تەنها بۆ ئەو پارەیەیە کە لای خوێندکاران ماوە

PM:02:44:29/04/2024

1508 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، ئەو لێخۆشبوونەی بۆ پارەى خوێندنی پارالێڵ دەرچووە، تەنها ئەو بڕە پارەیە دەگرێتەوە کە لای خوێندکارەکان ماوە، ئەوانەی پێشتر پارەی کرێى خوێندنەکەیان داوە پارەکەیان بۆ ناگەڕێتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی پارالێڵ تەنها ئەو پارەیە دەگرێتەوە کە لای خوێندکاران ماوە.

باسی لەوەش کرد، لێخۆشبوونەکە ئەو خوێندکارانە ناگرێتەوە کە پێشتر پارەی پارالێڵیان داوە و هیچ بڕە پارەیەکیشیان بۆ ناگەڕێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢١ـی نیسان توانا نەجەف بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیاری داشکاندنی ٤٠٪ بە دوو قۆناغ تەنها بۆ خوێندنی ئەمساڵە و ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا بەشێکی کرێی خوێندنەکەیان لەلا ماوە. دەشڵێت، "ئەو خوێندکارانەی کرێی خوێندنی پارالێڵیان داوە داشکاندنەکە نایانگرێتەوە و پارەیان بۆ ناگەڕێنرێتەوە".

رۆژی ٢٧ـی ئازاری ئەمساڵ، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڕیاریدا، کرێی خوێندنی پارالێل و ئێوارانی دبلۆم و بەکالۆریۆس و دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا، ٢٠٪ داشکاندنی بۆ بکات و کۆی داشکاندن بۆ ئەمساڵ بگەیەنێتە ٨٥٪.

پێشتریش، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ٢٠٪ـی کرێی خوێندنی ئەمساڵ خۆش بوو.













گەلەری