سەردێڕ:

زیاتر لە سێ ساڵە یەکەیەکی وێستگەی کارەبای دەربەندیخان لەکار کەوتووە

PM:01:28:29/04/2024

2584 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە یەکەیەکی وێستگەی کارەبای دەربەندیخان لەکارکەوتووە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، بەهۆی سوتانی محاویلەی سەرەکی یەکەکە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە یەکەی دووی وێستگەی کارەبای دەربەندیخان لەکار کەوتووە و بەشێکی بەرپرسانی ناوچەکە باس لەوەدەکەن، بەهۆی رۆتینی تەندەر و دابیننەکردنی پارەی پێویست چاک نەکراوەتەوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەو یەکەیە کاری بکردایە دەتوانرا ٨٣ مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنرێت، بەڵام ئاوەکەی بەردەدرێتەوە بەبێ ئەوەی سوودی لێوەبرگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

بەرپرسانی ناوچەکە ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەگەر ئەو یەکەیە کاری بکردایە و بەرهەمهێنانی کارەباکەی تەنها بۆ گەرمیان بووایە، دەتوانرا رۆژانە ٢١ کاتژمێر کارەبا بدرێتە هاوڵاتییانی گەرمیان.

لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەتە ١٦٠ مێگاواتە و کاربەدەستان باس لەوەدەکەن، لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەنداوی دەربەندیخان لە ئێستادا کەمتر لە ١٠ سانتیمەتری ماوە بۆ سەر رێژبوون و هاوڵاتییان باس لەوە دەکەن، دەبووایە سوود لە ئاوەکەی وەربگیرایە.













گەلەری