سەردێڕ:

سکرتێری قوباد تاڵەبانی: پشتگیری هەژماری من دەکەین چونکە شتێکی ئایندەییە

AM:11:37:29/04/2024

4884 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، پشتیوانی لە پڕۆژەی هەژماری من دەکەن چونکە شتێکی ئایندەییە. بەرپرسی لقی چوار پارتیش دەڵێت، هاوکارانیان لە یەکێتی، لە سنوری سلێمانی و گەرمیان سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەرانن لە هەژماری مندا.


ژوان ئیسماعیل سکرتێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، پشتگیری پڕۆژەی هەژماری منی مەسرور بارزانی دەکەن لەبەرئەوەی شتێکی ئایندەییە.

هاوکات، ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چوار پارتی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هاوکارانیان لە یەکێتی لە سنوری سلێمانی و گەرمیان سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەرانن لە پڕۆژەی هەژماری من.

ئەوەش لەکاتێکدایە، یەکێتى لەلایەک لە میدیاکانییەوە بانگەشەى ئەوە دەکات لەگەڵ داواکاریی مووچەخۆرانی هەرێمدان و لەلایەکی دیکەوە بەردەوامە لە ناچارکردنی فەرمانبەران بۆ پڕکردنەوەی هەژماری من، مەبەستی دەستکەوتنی داهات و پارەیە لەو رێگەیەوە، چونکە بەرامبەر بەشداریکردنى بانکەکانى خۆی لە هەژماری منی مەسرور بارزانی، هاوشێوەى پارتى بەناوى عمولەوە بەشێکى مووچەى مووچەخۆران بۆ خۆیان دەبەن.

پێشتر ئێن ئاڕ تى ئەوەی زانیبوو، ئەو فۆڕمە کراوە بە ناچاری و بەناو سەرجەم فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە لە سلێمانى و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و گەرمیان و شوێنەکانى دیکەش، کە فەرمانبەران ناچار دەکات هەژمارێکی بانکی لە یەکێک لە بانکەکانی بی بی ئەی سی و ئارتی بانک و بانکی ئیسلامی عێراق بۆ بازرگانیکردن و وەبەرەهێنان و بانکی ئەهلی عێراقی بکەنەوە.













گەلەری