سەردێڕ:

ئەمڕۆ ١٠٤ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە کوردستاندا تێدەپەڕێت

AM:09:03:29/04/2024

1972 جار خوێندراوەتەوە

لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردیدا چەندین رۆژنامە و گۆڤار دەرچوون و هەریەکەیان لە قۆناغ و سەردەمێکدا بوون و گرنگی خۆیان هەبووە، ئەمڕۆ ٢٩ی نیسان، ساڵیادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردییە کە لە کوردستاندا دەرچووبێت بە ناوی "پێشکەوتن".


ئەمڕۆ ١٠٤ ساڵ بەسەر دەرچوونی رۆژنامەی پێشکەوتندا تێدەپەڕێت، کە یەکەم رۆژنامەی کوردییە لە کوردستاندا دەرچووبێت، رۆژنامەكە بایەخی بە بوارەكانی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و ئەدەبی ‌و رۆشنبیری‌ و مێژوویی داوە و گرنگییەکی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی زمانی کوردیدا.

رۆژنامەی پێشکەوتن رۆژنامەیەكی هەفتانە بووە ‌و چوار لاپەڕە بووە، یەکەم ژمارەی لە ٢٩ی نیسانی ١٩٢٠دا دەرکراوە.

هەندێک لە نووسەران باس لەوەدەکەن، رۆژنامەکە دەربڕینی تەواوی لە سیاسەتی فەرمی حكومەتی ئینگلیز كردووە لە ناوچەکەدا، بەڵام وێڕای ئەوانە، گرنگییەکی باشی بۆ مێژووی رۆژنامەگەری کوردی و زمانی کوردی هەبووە.

رۆژنامەکە لەلایەن مێجەرسۆنی حاکمی ئەو کاتی سلێمانییەوە؛ لە بەردەرکی سەرای سلێمانی دەرکراوە.

پاش ئەوەی راپەڕینەکەی شێخ مەحمود لە حوزەیرانی ساڵی ١٩١٩دا هەرەسی هێنا، مێجەرسۆن بووە حاکمی راستەوخۆی سلێمانی و لە نیسانی ١٩٢٠ تاوەکو تەمووزی ١٩٢٢ ١١٨ ژمارەی لە رۆژنامەی (پێشکەوتن) دەرکرد و دوا ژمارەی لە ٢٧ی تەمووزی ١٩٢٢ دەركراوە.

رۆژنامەكە راستەوخۆ لەلایەن حاكمی سیاسی ئینگلیزەوە لە سلێمانی سەرپەرشتی كراوە‌ و بەدوای یەكدا هەریەك لە میجەر سۆن‌ و مێجەرگۆلد كە دوو حاكمی سیاسی ئینگلیز بوون سەرپەرشتی رۆژنامەكەیان كردووە ‌و سیاسەتی فەرمییان داڕشتووە. مستەفا مەزهەریش كە روناكبیرێكی دیاری سلێمانی بووە هاوكاریان بووە بۆ سەرپەرشتی نووسین ‌و چاپ ‌و كۆكردنەوەی ئابوونەوەی رۆژنامەكە.

سەرەڕای ئەوەی ئەم رۆژنامەیە لەلایەن ئینگلیزەكانەوە دەركراوە، بەڵام بایەخێكی زۆری بۆ كورد هەبووە، چونكە مێژووی رووداوەكانی ئەو سەردەمەی كوردستان‌ و ناوچەكەی تۆمار كردووە‌ و گرنگی بەزمان ‌و ئەدەب ‌و مێژووی كورد داوە. رۆژنامەکە بووەتە بەردی بناغەی چەسپاندنی رۆژنامەگەری لە سلێمانی ‌و هەموو رۆژنامەكانی دواتر، کە ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی دوای پێشكەوتن دەرچوون سودیان لە ئەزمون ‌و شێواز و ناوەڕۆكی ئەو رۆژنامەیە وەرگرتووە.

بە جۆرێک رۆژنامەکە گرنگی بە زمانی کوردی داوە، کە لەپێناو پاککردنەوەی زمانی کوردی لە پەیڤی عەرەبی و تورکی و فارسی، لە گۆشەیەکی رۆژنامەکەدا کێبڕکێیەک هەبووە بۆ ئەو نووسەرانەی بە زمانی کوردییەکی پاراو دەنووسن و بۆ یەکەم و دووەم و سێیەم خەڵات دانراوە.

مێجەرسۆن بە جۆرێک کوردی زان بووە لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەکەی لە ئێران و عێراق و کوردستاندا، وەک مێژوونووسان باسی دەکەن بە ئەستەم توانراوە بزانرێت کورد نییە، لەو بارەیەشەوە ئەمین زەکی بەگ مێژوونووس و سیاسەتووانی کورد، لە کتێبی خولاسەی تەریخی کورد و کوردستاندا، دەڵێت، مێجەرسۆن زمانێکی زۆر باشی کوردی زانیوە و ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر رۆژنامەکە هەبووە.

دوابەدوای رۆژنامەی پێشکەوتنیش چەندین رۆژنامە و گۆڤاری دیکە لە کوردستاندا دەرکران، کە کاریگەریی رۆژنامەی پێشکەوتنیان بەسەرەوە بووە و سوودیان لە ئەزموونی ئەو رۆژنامەیە بینیوە.
هـ.ئـ













گەلەری