سەردێڕ:

بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سعودیە دەکات

PM:12:46:28/04/2024

988 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە رۆژانی ٢٩ و ٣٠ـی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سعودیە بکات و لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانی ناوچەکە کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی سعودیە دەکات و تاوتوێی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەکرێت.

هاوکات، ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بلینکن لەماوەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانی سعودیە باس لە زیادبوون و بەردەوامبوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی سەردانەکەیدا کە دوو رۆژ دەخایەنێت، بلینکن بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی عەرەبی دەکات بە ئامانجی پتەوکردنی هەماهەنگی ئەمنی لە ناوچەکەدا.

هاوکات، بڕیاریشە بلینکن بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆڕبەندی ئابووری جیهان بکات کە تایبەتە بە هاوکاری جیهانی و گەشە و وزە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا چەکدارانی حەماس هەزاران مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد و دواتر ئیسڕائیل دەستی بە هێرشکردن بۆسەر کەرتی غەززە کرد و بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارەی ناوچەی رەفەح لە باکوری کەرتی غەززە بوون و لە ئێستادا ئیسرائیل لە پلانیدایە هێرش بۆسەر ناوچەی رەفەح دەست پێ بکات.













گەلەری