سەردێڕ:

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری: رەنگە سعودیەش بەشداری لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێداندا بکات

PM:11:07:27/04/2024

1788 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رەنگە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە، ببێتە هۆی ئەوەی سعودیەش هاوشێوەی قەتەر و ئیمارات بەشداری لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێداندا بکات.


ئەمڕۆ شەممە، عەلی مەکسوسی ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە دووری نازانن لە دوای قەتەر و ئیماڕات، سعودیەش بەشداری لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێداندا بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە یەکێک لە کارنامەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە تایبەت بێت بە پرسی بەشداری کردنی سعودیە لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان.

ئەوەشی خستە روو، عێراق دەیەوێت بەشداری بکات لە وەبەرهێنان لە کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی سعودیە بەتایبەتی لە بواری وزە و گازدا، هەربۆیە سەردانەکەی سودانی بۆ ریاز زیاتر پرسی ئابووری هەڵدەگرێت.

رۆژی ٦ـی ئەم مانگە، چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتۆن گەڕایەوە بڕیارە لە کۆتای ئەم مانگەدا بۆ تاوتوێکردنەوەی پرسی ئابووری سەردانی ریازی پایتەختی سعودیە بکات و لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیەدا کۆببێتەوە.













گەلەری