سەردێڕ:

بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتی کاربەڕێکەر؛ لە هەرێم ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ لە زیادبووندایە

PM:09:41:27/04/2024

1056 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی کاربەڕێکەر ساڵانە ملیاران دینار لە هاوڵاتیان و شۆفیران بەناوی رێگاوبان و ژینگەوە وەردەگرێت، بەڵام رووداوەکانی هاتوچۆ روو لە زیادبوونە و لە ماوەی دوو رۆژدا ٣٠ کەس بوونەتە قوربانی و بەشێکی زۆری رووداوەکانیش بەهۆی خراپی رێگاو بانەکانەوە بووە.


بەهۆی خراپی رێگاکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان تادێت ئاماری قوربانیانی رووداوەکانی هاتوچۆ روو لە هەڵکشان دەکەن و هەندێک ناوچەش تەنانەت بە رێگای مەرگی هاوڵاتیان ناسێنراوە.

لە نوێترین پێشهاتدا لە ٢٤ کاتژمێردا سێ رووداوی هاتوچۆ روویاندا و بەهۆیەوە نزیکەی ٣٠ کەس بوونە قوربانی و دوو کەسیش گیانیان لەدەستدا کە هاوسەری یەکتر بوون.

لە رووداوێکی دیکەدا لەسەر رێگای سلێمانی - دوکان بەهۆی رووداوێکی دیکەی هاتوچۆوە نزیکەی ٢٠ ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشت و ١٧ کەسیش بریندار بوون، هاوکات لە سەر رێگای سلێمانی دەربەندیخان لە رووداوێکی هاتوچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیس بریندار بوو، لە گەرمیانیش لە رووداوێکدا نۆ کەس بریندار بوون.

هاوکات هەر بەپێی ئامارەکانی هاتوچۆی گەرمیان، لە ماوەی نزیکەی پێنج مانگی رابردوودا زیاتر لە ٤٠ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی ٩٠ کەس بریندار بوون و ٢٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان هەزاران کەس دەبنە قوربانی رووداوەکانی هاتوچۆ و جگە لە گیانلەدەستدان بەشێکی زۆر لە بریندارەکانی ئەو رووداوانە تووشی کەمئەندامی جەستە دەبنەوە، بە گوێرەی ئاماری هاتووچۆی هەرێمیش تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ـدا سێ هەزار و ٧٠٦ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە ٤٤٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

زۆری رووداوەکانی هاتوچۆ و بەرزبوونەوەی ئامارەکانی گیانلەدەستدان و برینداربوون بەڵگەی پیشاندانی خراپی رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستانن، کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ساڵانە بەڵێنی چاککردنی دەدات و ماوەی ١١ ساڵیشە رێگای کەلار-سلێمانی تەواو نەکراوە، ساڵانە باجێکی زۆریش لە سەر شۆفێران زیاد دەکات و سەدان ملیار دینار بەناوی رێگاوبان و ژینگەوە وەردەگیرێت لە هاوڵاتیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەموو هەڵبژاردنێک حزبە دەسەڵاتدارەکان چاککردن و بە دووساید کردنی رێگاوبانەکان دەکەنە بانگەشەی پێش هەڵبژاردنەکان و دواتریش وەک ئەوەی نە بایان دیبێت و نا باران.













گەلەری