سەردێڕ:

ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە نزیک دەبێتەوە لە ٣٤ هەزار و ٤٠٠ کەس

PM:08:58:27/04/2024

712 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تاوەکو ئێستا ٣٤ هەزار و ٣٨٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٧ هەزار و ٤٣٧ کەسیش بریندار بوون. دەشڵێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٩ کەسیش بریندار بوون.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٩ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای دروستبوونی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا لە کەرتی غەززە ٣٤ هەزار و ٣٨٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٧ هەزار و ٤٣٧ کەسیش بریندار بوون.

ئەوەشی خستە روو، لەناو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیاتر لە ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەسیان منداڵن و زیاتر لە هەشت هەزار و ٤٠٠ کەسیشیان ژنن، هەروەها زیاتر لە هەشت هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.

هاوکات بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە نیوەی ماڵ و خانووەکانی غەززە خاپوور بوون و زیانیان پێگەیشتووە و لە کۆی ٣٥ نەخۆشخانە تەنها ١١ نەخۆشخانەیان کار دەکەن.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا چەکدارانی حەماس هەزاران مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد و لەبەرامبەریشدا ئیسڕائیل دەستی بە هێرشکردن بۆ سەر کەرتی غەززە کرد و بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارەی ناوچەی رەفەح لە باکوری کەرتی غەززە بوون و لە ئێستادا ئیسرائیل لە پلانیدایە هێرش بۆ سەر ناوچەی رەفەح دەست پێ بکات.













گەلەری