سەردێڕ:

دوای ئەمریکا؛ سودانی سەردانی سعودیە دەکات

PM:03:50:26/04/2024

840 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتۆن گەڕایەوە بڕیارە لە کۆتای ئەم مانگەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنەوەی پرسی ئابووری سەردانی ریازی پایتەختی سعودیە بکات و لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیەدا کۆببێتەوە. دەشڵێت، "پێشتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت قسەیانکردووە".


ئەمڕۆ هەینی، چاوگێکی ئاگادار لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە کۆڕبەندی ئابووری ریاز رۆژی ٢٨بۆ ٢٩ـی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەبچیت و بۆ ئەو مەبەستەش محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ریاز دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە لە دوای تەواوبوونی کۆڕبەندی ئابووری سودانی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئابووری و کۆتای هێنان بە گرژی وئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئاسایشی ئابووری نێوان عێراق و سعودیە کۆببنەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەم سەردانە تایبەت دەبێت بە کاراکردنی گرێبەستی ئابووری وڵاتانی عەرەبی و پشتبەستن بە رێگای گەشەپێدانی ئابووری عێراق وەک دەروازەیەکی نوێی ئابووری ناوچەکە. وتیشی، "سودانی دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکاشدا پەیوەندیەکی نوێی ئابووری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دروستبکات و بۆ ئەومەبەستەش زیاتر لە ٥٠ گرێبەستی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا ئەنجامداوە".

هاوکات، چاوگێک لە شاندەکەی عێراق لە واشنتۆن بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێی رێکار و هەنگاوەکانیان بۆ کۆتایی هێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا کرد. وتیشی،" سعودیە و عێراق دەبنە هەماهەنگی بەرقەراربوونی ئاسایشو ئابووری لە ناوچەکەدا".

هێڤیدار شعبان – دیجتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری