سەردێڕ:

تادێت فشارەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چڕتر دەبێتەوە

PM:09:17:22/04/2024

2528 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم کارتی بایۆمەتری ئەو هاوڵاتیانەیان تەواو کردووە کە مامەڵەی کارتەکەیان کردووە و دەتوانن سەردانیان بکەن، بەپێى زانیارییەکانیش لە ترسى تۆڵەى خەڵک یەکێتى و پارتى لەگەڵ لایەنە عێراقى و نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵدان بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەکە.


ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رۆژ بە رۆژ دەچنە قۆناغێکی نوێوە و فشارە نێودەوڵەتییەکانیش لە هەڵکشاندان. لە نوێترین پێشهاتدا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کارتی بایۆمەتری ئەو هاوڵاتییانە تەواو بووە کە مامەڵەی دەرکردنی کارتەکەیان کردووە. دەشڵێت، ئەو هاوڵاتییانە دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەو هەڵبژاردنەی زۆرترین چاوی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەرە، رۆژ بە رۆژ ئامادەکاریی و رێکارەکانی دەچنە قۆناغێکی نوێوە. وڵاتانی زلهێزیش بە بەردەوامی جەخت لەسەر ئەنجامدانی دەکەنەوە، هۆشداریش دەدەن لە پشتگوێخستنى، تەنها هەڵبژاردنیشە یەکێتى و پارتى لێى دەترسن و لەگەڵ ناوهێنانیدا خورپە بەدڵنیاندا دێت لە ترسى تۆڵەى خەڵک.

راگەیەندراوى نوێى کۆمیسیۆن لەسەر گەڕانەوەى کارتى دەنگدان لەدوای ئەوە دێت، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ٢١ـی ئەم مانگە رایگەیاند، لیژنەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەش هەزار و ٢٩٨ وێستگەی دەنگدان و هەزار و ٢٦٦ ناوەندی دەنگدان بەسەر هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدانی گشتی دابەش کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، بۆ دەنگدانی تایبەت، ٧٤٦ وێستگەی دەنگدان و ١٦١ ناوەندی دەنگدانیان پەسەند کردووە و تێکڕا دوو ملیۆن و ٨٨٨ هەزار و ١٦٢ کەسیش مافى دەنگدانیان هەیە.

لە پاڵ فشارە ناوخۆییەکاندا، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش، لەوانە ئەمریکا، روسیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا گوشارەکانیان بۆ سەر حزبەکانی دەسەڵات چڕ کردووەتەوە و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دەکەن. تەنانەت سەرۆکى ئەمریکاش جەختی لەسەر کردەوە و سەرۆک وەزیرانى عێراقیش لە ئەمریکاوە هەفتەى پێشوو وتى، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت مەترسى بۆ سەر قەوارەى هەرێم دروست دەبێت.

پارتی و یەکێتی لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە بە بیانوی جیا جیا و لە ترسی لە دەستدانی دەنگەکانیان بۆ چوار جار هەڵبژاردنەکەیان دواخستووە. بەڵام ئەمجارە ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن، بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە ناتوانن هەڵبژاردنەکە دوا بخەن.

بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى ئەمجارە لەکاتێکدایە کە زۆربەى هاوڵاتیانى هەرێم لە پارتى و یەکێتى توڕەن و چاوەڕوانى دەنگدان دەکەن بۆ تۆڵەکردنە، هەروەها ئۆپۆزسیۆنێکى جیاوازیش لە گۆڕەپانەکەدا هەیە و رکابەرى توندى دەسەڵات دەکات بۆ وەرگرتنى سوڵتە و گۆڕینى شێوازى حوکمڕانى هەرێم.













گەلەری