سەردێڕ:

تەرمى بەرپرسێکی ئەمنی پارتی لە ماڵەکەى خۆیدا لە مێرگەسور دۆزرایەوە

PM:08:11:19/04/2024

5780 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕتی، بەڕێوەبەری زیندانی نهێنی سپیلک، شەوی ١٨ لەسەر ١٩ـی ئەم مانگە لە ماڵەکەی خۆیدا لە مێرگەسور بە کوژراوی دۆزراوەتەوە، تا ئێستاش هێزە ئەمنییەکانی پارتی و سنوورەکە کوژران و چۆنیەتی رووداوەکەیان بۆ رای گشتی نەخستووەتە روو.


بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە، بابەکر حەسۆ بەڕێوەبەری زیندانی نهێنی سپیلک شەوی ١٨ لەسەر ١٩ـی ئەم مانگە بە کوژراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە.

هاوکات، تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانی پارتی و سنوورەکە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی کوژرانی ئەو کەسە و چۆنیەتی رووداوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکردووە.

هەر لەمڕۆدا، لە سلێمانى بۆمبێک بە ئۆتۆمبیلێکی عەتا سەراوی ئەندامى پێشووى سەرکردایەتى یەکێتیدا تەقیەوە و بەهۆیەوە زیانى ماددى لێکەوتەوە و دوای رووداوەکەش ئەو کەسە ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوانى لێکۆڵینەوەى دەزگا ئەمنییەکان دەکات.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو عەتا سەراوی رایگەیاند، هیچ یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێتی هەست بە ئەمن و ئاسایشی سەر وماڵیان ناکەن، لە ماوەکانی رابردووشدا ناوبراو چەند جارێک لەگەڵ سەرکردایەتی و بەرپرسانی باڵای یەکێتی مشتومڕ کەوتووەتە نێوانیان. 

ئەم رووداوانە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا چەندین بەرپرسی پارتی و یەکێتی بە چەند رووداوێکی جیاواز و جۆراوجۆر کوژراون یاخود گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستاش هۆکاری رووداوەکان بۆ رای گشتی بڵاونەکراوەتەوە و بە نادیاری ماونەتەوە.













گەلەری