سەردێڕ:

نوێترین بڕیاری حکومەتی بەریتانیا سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران

PM:04:42:12/04/2024

12440 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی چاکسازیکردن لە یاساکانی تایبەت بە کۆچبەران و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان؛ حکومەتی بەریتانیا چەند یاسایەکی نوێی لەبارەی کۆچبەرانەوە دەرکرد. وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش دەڵێت، " نزیکەی ٥٠ کەسمان لە خاکی بەریتانیا دەرکردووە چونکە مافی مانەوەیان لە وڵاتەکەدا نەبووە".


ئەمڕۆ هەینی، حکومەتی بەریتانیا لە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و رێگریکردن لە زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران پێنج یاسای نوێی سەبارەت بە ئەو کۆچبەرانە دەرکرد کە بە نایاسایی چوونەتە خاکی بەریتانیا.

یاسا نوێیەکان بەمجۆرەن:

١. بڕیاری بێ بەشبوون لە رەگەزنامەی بەریتانیا بۆ ئەو كۆچبەرانەی كە لە رۆژی ٧ـی مانگی ئازاری ٢٠٢٣ وە تاوەكو مانگی تەمووزی ٢٠٢٣ وە هاتوونەتە ناو بەریتانیا بەشێوەی نایاسایی.

٢. وەستاندنی هەڵسەنگاندنی كەیسی ئەو كۆچبەرانەی كە لە دوای مانگی تەمووزی ٢٠٢٣ وە هاتوونەتە ناو بەریتانیا بەشێوەی نایاسایی.

٣. دەستكردن بە ناردنەوەی كۆچبەران بۆ ئەو وڵاتانەی كە پەنجەمۆریان لێی هەیە.

٤. حكومەتی بەریتانیا ١٥٠ كۆچبەری ئامادە كردووە بۆ ئەوەی بیان نێرێت بۆ رواندا.

٥. دوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆ و مشتومڕ و رێک نەكەوتن؛ سەرتاسەری فیدراسیۆن و ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا رێککەوتن لەسەر یاسا نوێیەكەی كۆچبەران كە ئەویش دروستكردنی كەمپی كۆچبەرانە لە دەرەوەی سنورەكانی یەكێتی ئەوروپا.

هاوکات، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی مافی مانەوە لەو وڵاتەدا، ٤٨ کەسیان لە خاکی بەریتانیا دەرکردووە.

رۆژی ١٠ـی نیسان، رۆژنامەی "زە گواردیان"ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە دانیشتنێکی تایبەتدا گفتوگۆ لەسەر دانانی سیستەمێکی یەکگرتووی چاودێریکردنی هاوبەش لە هەموو خاڵەکانی سنووری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەکات، لە هەمان کاتیشدا ئیتاڵیا و یۆنان داوای پەسەندکردنی میکانیزمێکی کۆدەنگییان کردبوو کە رێگەیان پێ بدات پەنابەران بگوازنەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، بەوپێیەی ژمارەی پەنابەران لەو دوو وڵاتەدا بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا کە بە مەترسیدارترین رێگای کۆچکردن لە جیهاندا دادەنرێت گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون. هاوکات، بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتانی ئەوروپا چەندین رێوشوێنیان گرتووەتە بەر.













گەلەری