سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی: دابەشکردنی ئاوی دوکان-سلێمانی راگیراوە

PM:10:34:28/03/2024

7524 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆی نێوان دوو بارهەڵگری سووتەمەنی لە دوکان، بڕێک لە سووتەمەنی کەوتووەتە ناو زێی دوکانەوە. دەشڵێت،" بۆ دڵنیابوونەوە لە پاکبوونەوەی ئاوەکە دابەشکردنی ئاوی دوکان-سلێمانی راگیراوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دابەشکردنی ئاو لە هەردوو پڕۆژەی ئاوی دوکان-سلێمانی راگیراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری راگیرانی دابەشکردنی ئاو لەو دوو پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ئەنجامی رووداوێکی هاتوچۆی نێوان دوو بارهەڵگری سووتەمەنی لە دوکان، بڕێک لە سووتەمەنی کەوتووەتە زێی دوکانەوە.

باسی لەوەش کرد، لەپێناو سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیان و سەلامەتی هەردوو پڕۆژەی ئاوی دوکان-سلێمانی دابەشکردنی ئاو راگیراوە، تاوەکو دڵنیا دەبنەوە لە پاکبوونەوەی ئاوەکە. وتیشی، " پاش دڵنیابوونەوە لە پاکبوونەوەی ئاوەکە، دابەشکردنی ئاو لەو دوو پڕۆژەیە دەست پێدەکاتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەنتەری دوکان رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان دوو بارهەڵگری سووتەمەنی روویدا و بەهۆی رووداوەکەوە هەردوو بارهەڵگرەکە گڕیان گرت.













گەلەری