سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەسەر مووچەی هێزە ئەمنییەکان و هۆکاری دابەش نەکردنی

PM:08:02:28/03/2024

22464 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیستی مووچە پێش بڵاوکردنەوەی دەستکاری کراوە بەهۆی رازینەبوونی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر بە لیستەکە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی رازینەبوونی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر بە لیستی مووچە، بۆیە پێش راگەیاندنی، لیستەکە گۆڕانکاری تێدا کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لیستەکە ناوی چەند وەزارەتێک و دەستەیەکی لێ لابراوە کە پەیوەستن بە هێزە ئەمنییەکان و سەرۆکایەتی هەرێمەوە، بەهۆی ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر تا ئێستا واژۆی لەسەر خەرجکردنی داهاتی ناوخۆ نەکردووە .

باسی لەوەش کرد، ئەو مووچەیەی کە لە رۆژی شەممەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، لەسەر ئەو ٦۱۲ملیار و ٥۷٦ ملیۆن دینارەیە کە ئەمڕۆ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندییەوە بۆیان گوازراوەتەوە.

وتیشی، مووچەی ئەو وەزارەتانەی ناویان لە لیستی مووچەدا نییە دابەش ناکرێت تا پارەی بەغدا نەیەت و سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر سوورە لەسەر خەرجنەکردنی داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

دواى زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستبەسەرداگرتنى پارەکەى بەغدا لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەرەوە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی دووی بڵاو کردەوە، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی چەندین وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی تێدا نییە.

دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان، یەکەی ٧٠ و ٨٠، بەڕێوەبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگری و فریاکەوتن، ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ناویان لە لیستەکەدا نییە.













گەلەری